Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. محەمەد قادر: دەرمانەکەی کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر چاکبوونەوەی نەخۆشەکان دەبێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دەرمانی چارەسەری کۆرۆنا لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەخرێتە بەردەست و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ، دەرمانی ''Favipiravir'' کاریگەریی لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشەکان دەبێت.

د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەرمانەکە گەیشتووەتە نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕاستە لە وڵاتی ڕووسیا بەرھەم ھاتووە، بەڵام لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆ و بە چاودێریی پسپۆڕانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان دروست کراوە و خۆمانەیە.''

لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ٩٤٥٥ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و لەو ژمارەیە ٣٣٧٨ نەخۆش چاک بوونەتەوە و ٣٢٦ کەسیش بەو ھۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

د. شاخەوان محەمەد، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی کۆمپانیای ئاوامیدیکا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەرمانەکە خۆی ڕووسی نییە، بەڵام بە ڕووسی ناوبانگی دەرکردووە و دەرمانی ''Favipiravir'' لە ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی ژاپۆن بۆ ئەنفلۆنزا دروست کراوە و دوای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن ڕووسیاوە وەک پرۆتۆکۆل پەسەند کراوە، دواتر لەلایەن چینەوە بۆ نەخۆشیی کۆرۆنا تاقی کراوەتە و سوودی ھەبووە.''

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "دەرمانەکەی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان دروست کراوە و لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان بەکار دێت و پەسەند کراوە."

د. محەمەد قادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دەرمانی چارەسەری کۆرۆنا کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر چارەسەری کۆرۆنا، بەڵام نابێت نەخۆش بەبێ پرسی دکتۆر بەکاری بێنێت، بەڵکو لەلایەن پزیشکانەوە بۆ نەخۆش بەکار دێت و بە یەکسانی لەسەر ھەموو نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان دابەش کراوە."

د. شاخەوان محەمەد ڕوونی کردەوە: "دوای چوار ڕۆژ بەکارھێنانی دەرمانەکە، نەخۆش ھەست بە باشتربوون دەکات و بەپێی داتاکان ڕێژەی چاکبوونەوە بە دەرمانی ''Favipiravir'' لە نێوان ٨٥% بۆ ٩٥%ـە، واتە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ نەخۆشەکان و ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراق بەسەر ناوەندەکانی تەندروستیدا بڵاو دەکرێتەوە."

 

قائید میرۆ