Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/7/13 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون ، دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی سنووردارکردنی ڤایرۆسەکە و کارایی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان هەڵسەنگێنرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی دەربارەی ڕێژەی تووشبووان و مردن و چاکبوونەوە خستەڕوو کە ئاماژەی بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و هەڵکشانی ڕێژەکە کرد کە هۆکارە سەرەکییەکەی پابەندنەبوونە بە ڕێنماییە تەندروستییەکان.
پاشان وەزیرانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تێبینی و سەرنج و هەڵسەنگاندنی خۆیان لە بارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ئاستی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان خستەڕوو.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان و زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان و مردووان و ئاماژەی بەوە دا کە بە داخەوە بە هۆی بە سیاسیکردنی بابەتەکە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان،  ژمارەی تووشبووان و مردووان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە. بۆیە جارێکی دیکە داوا لە هاووڵاتییان دەکەمەوە کە پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستنی خۆیان و کەسوکار و کۆمەڵگەکەیان .
دوای هەڵسەنگاندنی پێویستی بارودۆخەکە ، لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا:
یەکەم : بەردەوامبوونی هەردوو وەزارەتی تەندروستی وناوخۆ  لە دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی پێویست بۆ ڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەپاندنی بە کارهێنانی ماسک و دەستەوانە و تێکەڵاونەبوون لە شوێنە گشتییەکان و وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و بەداواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوون و سزادانی سەرپێچیکاران.
دووەم: بەردەوامبوونی قەدەخەی هاتووچۆ لە نێوان شارەکان و لە نێوان پارێزگاکان لەو کاتانەی کە لە لایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانەوە ڕاگەیەندراوە و درێژەدان بە داخستنی شوێنە گشتییەکان.
سێیەم:  گەشتە ئاسمانییەکان هەتا 22 ی ئەم مانگە ڕادەگیرێن و دواتر بە   هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدرالی بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەدرێت بە لە بەرچاوگرتنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان.
چوارەم:  وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە چوارچێوەی بڕیار و ڕینماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ڕاسپێردران بۆ بەردەوامبوون و برەودان بە هەڵمەتی هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بە هاوکاری و هەماهەنگیی لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان.