Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کارگەی تەماتەی ھەریر: سبەی دەست بە وەرگرتنی تەماتە لە جووتیاران دەکەین

ھەریر-KDP.info-  بەڕێوبەری کارگەی تەماتەی ھەرێر گوتی، لە سبەیەوە دەست بە وەرگرتنی تەماتەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ڕۆژانە ٢٠ تۆن تەماتە وەردەگرن و بەگشتی دەتوانن ١٥٠ تۆن وەرگرن و عەمباری دەکەن تا کەوتنە کاری کارگەکە کە ئامادەکاری بۆ وەگەڕخستنەوەی دەکرێت و نرخی ھەر سندووقێک تەماتەش کە لە جووتیاران وەردەگیرێت ٣ھەزار دینار دەبێت کە لە بازاڕ گرانترە وەکو پاڵپشتییەک بۆ جووتیارانی ھەرێمی کوردستان."

بەڕێوبەری کارگەی تەماتەی ھەرێر، لوقمان حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی بڕیار درا کە جارێکی دیکە کارگەی تەماتەی ھەریر بخرێتەوە کار دەستمان بە ئامادەکاری کردووە بۆ وەگەڕخستنەوەی کارگەکە و تا مانگێکی دیکە کارگەکە بۆ دروستکردنی ئاوی تەماتە دەست بە کار دەکات و ئاوی تەماتەی خۆماڵی و لە تەماتەی خۆماڵی بەرھەم دەھێنین و ھەرکاتێک بەرھەمیش ھات، دەخرێتە بازاڕەوە."

لوقمان حەسەن گوتیشی: "بڕیار بوو ئەمڕۆ وەکو پاڵپشتییەک بۆ جووتیاران دەست بە وەرگرتنی تەماتە بکەین و عەمباری بکەین، بەڵام جووتیاران ئامادە نەبوون، بۆیە لە سبەیەوە دەست بە وەرگرتنی تەماتە لە جووتیاران دەکەین، چونکە ئێستا کاتی پێگەیشتنی تەماتەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانە."

حەسەن باسی لەوەش کرد: "ڕۆژانە دەتوانن ٢٠ تۆن تەماتە لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگرن و تا نزیکەی ١٥٠ تۆن تەماتە وەردەگرن بەگشتی و دەکرێتە ئاوی تەماتە."

لەبارەی ئەوەی بە چ نرخێک تەماتە لە جووتیاران وەردەگرن، ئەو گوتی: "لە بازاڕ نرخی تەماتەی جووتیاران زۆر ھەرزانە بەھۆی ساخنەبوونەوەی، بەڵام وەکو پاڵپشتی بۆ جووتیاران بڕیارمان داوە کە ھەر سندووقێک تەماتە بە ٣ھەزار دینار وەربگرین."

بڵند ئیبراھیم