Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. دلۆڤان بۆ KDP: پێشبینی دەكەین ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا بەرەو ھەڵكشان بچێت

هەولێر-KDP.info- دوای ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەولێر، بڕیارە ئەمڕۆ رێنمایی نوێ لەلایەن ئیدارەی پارێزگای ھەولێرەوە دەربكرێن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێریش دەڵێ، ھۆكاری زیادبوونی ژمارەی تووشبووان، بۆ پابەندنەبوونی ھاووڵاتیان دەگەڕێتەوە.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە ھۆی ھەڵكشانی كۆرۆنا لە ھەولێر، رێوشوێنی نوێ دەگرینە بەر بۆ رێگریكردن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و، لەگەڵ ژووری ئۆپەڕاسیۆنی ھەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرقاڵی دەركردنی بڕیاری نوێی خۆپارێزیین".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر دەڵێت: "بە ھۆی جێبەجێنەكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەولێر زیادی كردووە و پێشبینی دەكەین ھێشتا بەرەو ھەڵكشانیش بچێت، لەبەر ئەوە داوا لە ھاووڵاتیان دەكەین پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی بن لە پێناو پاراستنی ژیانی خۆیان".

د. دلۆڤان جەختی كردەوە: "تیمەكانمان بەردەوام چارەسەری نەخۆشەكان دەكەن و بەداخەوە بە ھۆی تێكچوونی رەوشی تەندروستییان، نزیكەی ١٥ نەخۆشی كۆرۆنا لە ژێر چاودێریی چڕدان، ئەمەیش ژمارەیەكی كەم نییە بۆ ئێمە و ھەموو ھەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو تووشبووانەی لە نەخۆشخانەكاندا ھەن، بكرێت".

 

قائید میرۆ