Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

موسلیم بۆ KDP: باس لە گۆڕانكاری بازرگانیی نێوان ھەرێم و وڵاتان دەکات

هەولێر-KDP.info- بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاریگەری لەسەر ئابووریی جیھان كردووە و جووڵەی بازرگانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا سستیی تێكەوتووە، وەزیری بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، سەرەڕای كاریگەرییەكانی كۆرۆنا، جووڵەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بەھێزە و جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی، ھەندێك گۆڕانكاری پەیدا كردووە.

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێمی كوردستان و جیھان بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت، بەڵام رێكارەكانی خۆپارێزی لە ھەموو دەروازە سنوورییەكان گیراوەتە بەر بەمەستی پاراستنی ھاووڵاتیانی ھەرێم لە گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوەش وای كردووە ھەندێ گۆڕانكاری لەسەر شێوازی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێم و وڵاتانی جیھاندا روو بدات".

وەزیری بازرگانی دەشڵێت: "راستە بە ھۆی رێكارەكانی خۆپارێزییەوە ھەندێك سستی لە جووڵەی بازرگانی پەیدا بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێنانی كەلوپەل بەردەوامە، بە تایبەتی ئەوانەی رۆژانە ھاووڵاتیان بەكاریان دەهێنن".

كەمال موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "قەبارەی بازرگانی لە ئێستادا جێگیر نییە، چونكە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھاندا كاریگەریی كردووەتە سەر ئابووریی وڵاتان و جووڵەی بازرگانی، ئێمە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامین لە ھەوڵەكانمان بۆ زیادكردنی جووڵەی بازرگانی".

 

قائید میرۆ