Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پەروەردە: لە یەكەم تاقیكردنەوەی ١٢ی ئامادەیی زۆر رازی بووین

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، یەكەم تاقیكردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە بەشداریی زیاتر لە ١٤٢ھەزار قوتابی، بێ گرفت و بە سەركەوتوویی و بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان بەڕێوە چوو.

كەریم لەتیف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی دەستپێكی تاقیكردنەوەكان بوو و و تاقیكردنەوەكەش بە بێ كێشە بەڕێوە چوو، كە بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان بوو و ھەموو پێداویستییەكیشیان بۆ دابین كرابوو لە خۆپارێزی و جێبەجێكردنی رێنماییەكان، بۆیە ھیچ كێشەیەكمان لە پرسیار و ماسك و ھۆڵەكان نەبوو و بە سەركەوتوویی بەرێوە چوو".

لەتیف گوتیشی: "ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان ١٤٤ھەزار و ١٤٢قوتابی بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی كرد، كە ٢ھەزار و٣٣٧ هۆڵ دابین كرابوون بۆ تاقیكردنەوەكان، ئەمەش بەپێی رێنمایی تەندروستی بوو، بۆیە ئێمە زۆر لێی رازی بووین".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەگەر گرفت ھەبووایە، لە یەكەم رۆژدا دەبوو، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ گرفتمان نەبوو و ھەفتانەش دوو تاقیكردنەوە بەڕێوە دەچن، كە سەرجەمیان حەوت تاقیكردنەوەن، ئەمە جگە لە تاقیكردنەوەكانی سریانی و توركمانی".

 

بڵند ئیبراھیم