Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاخەوان: ئێمە زۆرینەین.. ئێستا گفتوگۆ لەبارەی دەكردنی ھێزە بیانیەکانی کەركووك دەکەین

كەركووك-KDP.info- ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، شاخەوان عەبدوڵڵا، رایگەیاند: "گفتوگۆكانی ئێمە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك لەگەڵ پێكھاتەكان دەستی پێكردووەتەوە و، لە ئێستادا لەو خاڵە گفتوگۆ دەكەین كە ھێزە بیانییەكان دەربكرێن و ھێزێك لە پێكھاتەكانی ناوچەكە بۆ سنوورەكە دروست بكرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گفتوگۆكانی نێوان پێكھاتەكانی كەركووك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو پارێزگایە دەستیان پێكردووەتەوە و بەردەوامن، لە ئێستاشدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكرێت، كە ئەو ھێزە بیانیانەی لە سنووری كەركووك ھەن، دەربكرێن و ھێزێك لە پێكھاتەكانی ناوچەكە دروست بكرێت، بۆ ئەوەی خۆیان پارێزگاری لە خۆیان بكەن".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "پێكھاتەكانی دیكە داوا دەكەن كە ئەگەر ھێزەكەی دروست دەكرێت، پێویستە ٣٢% بۆ ھەر پێكھاتەیەك بێت، ئێمەش ئەوەمان ڕەت كردووەتەوە، چونكە ئێمە زۆرینەین، بۆیە ناكرێت بەو شێوەیە دروستكردنی ھێزەكە دابەش بكرێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لەسەر داوای نەتەوەیەكگرتووەكان گفتوگۆكان بەردەوان دەبن تا دەگەینە رێككەوتن و، ھەر كاتێكیش گەیشتینە رێككەوتن، كۆمبوونەوەی كۆتایی ئەنجام دەدەین و رێككەوتنەكە رادەگەیەنین".

دەشڵێ: "گفتوگۆكان لەو شوێنە دەستیان پێكردووەتەوە، كە پێش ھاتنی كۆرۆنا دەستمان پێكردبوو و بەردەوامیش دەبین تا دەگەینە رێككەوتن".

 

بڵند ئیبراھیم