Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"شەش‌ھەزار خانووی زێدەڕۆ لە دھۆک تاپۆ دەکرێن"

دهۆک-KDP.info-  بەپێی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شەش‌ھەزار خانووی زێدەڕۆ لە سەنتەری شاری دھۆک تاپۆ دەکرێن و بەرپرسێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆکیش دەڵێ، ڕێکاری تاپۆکردنیان تەواو بووە و چاوەڕێی ڕێنماییی حکوومەتین بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی تاپۆ.

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئیدارەی پارێزگای دھۆک بڕیاری داوە کێشەی خانووە زێدەڕۆکان چارەسەر بکات و لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن، چونکە ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان لە دھۆکیش خانووی زێدەڕۆ ھەن و پێویستیان بە چارەسەرکردن ھەیە، بەتایبەتی شەش‌ھەزار خانوو لە دوای ڕاپەڕین دروست کراون، خەریکە دەگەینە قۆناغی کۆتایی بۆ تاپۆکردن".

بەرپرسەکەی شارەوانیی دھۆک گوتی: "ئەو خانووانە ھەموو ڕێکارێکیان تەواو بووە و خراونەتە نێو ماستەرپلان و ئەگەر خانوویەک لەسەر زەویی خزمەتگوزاری دروست نەکرابێت بەپێی ڕێنمایی و بڕیاری حکوومەت لەسەر خاوەنەکەی تاپۆ دەکرێت."

لەبارەی زەویی زێدەڕۆوە ئیسماعیل مستەفا گوتی: "لە دھۆک کەمتر کێشەی زەویی زێدەڕۆ ھەیە ئەوەی ھەیە خانووە زیاتر، ئێمە زەویی زێدەڕۆ بە مڵکی حکوومەت دەزانین و ھیچ بڕیارێک نایانگرێتەوە بۆ ئەوەی بەناوی ئەوکەسانەوە بکرێت کە دەستیان بەسەردا گرتوە، بەلکو زەوی مڵکی حکوومەتە و ھەرکاتێک زێدەڕۆیی بکرێتە سەر، بەپێی یاسا سەرپێچیکاران سزا دەدرێن."

قائید میرۆ