Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمان: بە ھۆی شەڕی توركیا و پەكەكەوە ١٦٢ ھاووڵاتی لە دھۆك شەھید بوونە

دهۆك-KDP.info- رۆژی ١٦ی مانگی رابردوو سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی دژی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لەنێو سنووری ھەرێمی كوردستان ئەنجام دا و بووە ھۆی زیانی گیانی و ماڵی بۆ خەڵكی ناوچەكە، ئەندامێكی لیژنەی بەدواداچوونی كێشەكانی سنووریش دەڵێ، بە ھۆی سیاسەتی پەكەكە و ھێرشەكانی توركیاوە، دەیان گوند چۆڵ كراون و نزیكەی ٢٠٠ ھاووڵاتیش بوونەتە قوربانی.

ژیان تاھیر، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی كێشەكانی سەر سنوور لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "لەلایەن پەرلەمانەوە لیژنەی بەدواداچوون سەردانی سنووری پارێزگای دھۆكی كرد و بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لە سنووری ناحیەی باتۆفە بە ھۆی كێشەی سنووری و شەڕی پەكەكە و توركیاوە، ٢٧ گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە رۆژانی رابردووشدا سێ گوندی دیكەی ناحیەكە بە ھۆی تۆپبارانی توركیاوە چۆڵ كراون، ھەروەھا لە سنووری ناحیەی دەركاریش ٢٦ گوند كەوتوونەتە بەر تۆپبارانی توركیا و لە شنگالیش شەش پێگە كراونەتە ئامانج".

ئەو پەرلەمانتارە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "لە سنووری قەزای ئامێدییش بە ھۆی ھەبوونی بنكە و بارەگای چەكدارانی پەكەكە، ١٩٨ گوند چۆڵ كراون و خەڵكەكەی لە سەنتەری شارەكان و كۆمەڵگاكان نیشتەجێیە، بەداخەوە بە ھۆی ھەبوونی بنكە و بارەگای پەكەكە، بەردەوام سنووری ھەرسێ قەزای ئاكرێ و ئامێدی و زاخۆ لەلایەن وڵاتی توركیاوە بوردوومان دەكرێن".

تاھیر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ئەنجامی كێشەكانی سەر سنوور و شەڕوپێكدادانی نێوان توركیا و پەكەكە، ساڵانی رابردوو لە قەزای زاخۆ تا ئێستا ٣٢ ھاووڵاتی شەھید بوونە و ١٠ كەسیش بریندار بوون، لە ئامێدی ٢٨ شەھید و چوار بریندار ھەن، لە سنووری قەزای ئاكرێ زیاتر لە ١٠٠ ھاووڵاتی شەھید بوونە".

دەشڵیچ: "بە ھۆی ئاڵۆزیی رەوشی سنوور و شەڕی پەكەكە و توركیا، رێژەی بێكاری لە سنووری پارێزگای دھۆك لە ھەڵكشاندایە، چونكە ئەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە، لە ڕووی كشتوكاڵییەوە ناوچەی ستراتیژین و خەڵكەكەی ناتوانن سوودمەند بن و زۆربەیان لە ئامێدی و زاخۆ و ئاكرێ بێكارن".

 

قائید میرۆ