Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە: خانەنشینان بە یەكەكانی ٧٠و٨٠شەوە دەچنەوە سەر وەزارەتی دارایی

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە وەزارەتەكەیان چەندین لیژنە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی دروست كراون و كاری خۆیان دەكەن، كە گرنگترینیان یەكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و نەمانی خانەنشینییە لە وەزارەتی پێشمەرگە و گواستنەوەیەتی بۆ سەر وەزارەتی دارایی.

لیوا قارەمان كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەوەی لە پڕۆژەی چاكسازیدا پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە ھەیە، لیژنە دروست كراون و لیژنەكانیش كار دەكەن، كە لیژنەیەكیان بۆ ھێزی پێشمەرگە و یەكەی ٧٠و٨٠و هەندێكی دیكەش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ كار دەكەن، هەروەها لیژنە ھەیە ئەندامی وەزارەتی دارایی تێدایە و لیژنەی رێكخستنەوەی پێشمەرگەیە و لیژنەی رێكخستنەوەی پاسەوانەكانە و لیژنەی ژمێریارییە لەگەڵ لیژنەی خانەنشینی، كە ھەموو ھێزەكان بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".

لیوا قارەمان گوتیشی: "ھەموو خانەنشینانی ھێزی پێشمەرگە بە یەكەكانی ٧٠و٨٠شەوە دەچنەوە سەر وەزارەتی دارایی و تەنھا لە وەزارەتی دارایی مووچە وەردەگرن، بۆیە ئێستا ناویان ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ وەزارەتی دارایی، كە ئەوكات خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێت".

دەشڵێ: "پرۆسەكە بەردەوامە و لیژنەكانیش لە كاری خۆیان بەردەوام دەبن تاوەكو كارەكانیان تەواو دەكەن، ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەشەوە ھەیە، ھەموو جێبەجێ دەكرێت".

 

بڵند ئیبراھیم