Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سوپاسالار بۆ KDP: بەردەوام دەبین تا خاڵی كۆتایی.. لێدوانی سوپاسالاری عێراق ئەرێنی بوو

ھەولێر-KDP.info- سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، لێدوانى سوپاسالاری عێراق زۆر باش و ئەرێنی بوو، ئەمەش دوای ئەوە دێت، كە ھەفتەی ڕابردوو كۆبوونەوەیەكی زۆر ئەرێنی لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەنجام درا و بڕیارە تا دەگەینە رێككەوتن، گفتوگۆكان بەردەوام بن.

جەمال ئێمینكی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لێدوانی سوپاسالاری عێراق لە كەركووك زۆر باش و ئەرێنییە، ئەمەش دوای ئەوە ھات كە ھەفتەی ڕابردوو شاندی ئێمە لەگەڵ لیژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق لە فەرماندەیی ھێزەكانی ھاوبەش ئەنجام درا، بۆیە گفتوگۆی نێوانمان بەردەوام دەبێت تاوەكو دەگەینە رێككەوتن".

ئێمینكی روونیشی كردەوە: "لەسەر خاڵی ھەبوونی ھەماھەنگی كۆكین، بەڵام بۆ ھێزی ھاوبەش و بازگەی ھاوبەش و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش، تا ئێستا گفتوگۆ بەردەوامە".

گوتیشی: "ئەمە یەكەم كۆبوونەوە بوو ئەنجام درا و سەرۆكی لیژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق گۆڕابوو، چونكە لەم ساڵدا یەكەم كۆبوونەوەیە بكرێت و لە یەكەم كۆبوونەوەشدا رێككەوتنی كۆتایی زەحمەتە و پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر ھەیە، بەڵام كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی بوو و لە زۆر خاڵ لێك نزیك بووین، بڕیاریشە شاندێكی ئەوانیش سەردانی ھەرێم بكات و ھەر جارە و شاندی لایەنێك سەردانی لایەنەكەی دیكە دەكات".

سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە باسی لەوەش كرد: "ئەو كۆبوونەوەیەی كرا زۆر باش بوو بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان بەردەوام بن و، حكوومەتیش خۆی بەردەوام سەردانی بەغدا دەكات و ئێمەش بەردەوام دەبین تا خاڵی كۆتایی".

دەشڵێ: "بۆ گەرانەوەی ھێزی پێشمەرگە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی و گفتوگۆ بەردەوامە و ئێمە دەمانەوێت بنكەی ناوەندی ھاوبەش دابنرێت و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بكرێت و بازگەی ھاوبەش ھەبێت، لەگەڵ چەند خاڵێكی دیكەش، بۆیە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت تا دەگەینە رێككەوتن".

 

بڵند ئیبراھیم