Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تاڵەبانی: پێویستە ھەموو پێكھاتەكان بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكوردستانییەكان دڵخۆش بن

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند، لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەوەی لە ناوچە كوردستانییەكان كراوە، پێشێلكردنی دەستوورە و بەپێی دەستوور پێویستە پێشمەرگە لەو ناوچانە ھەبێت، ئێستاش بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، ناتواندرێت تەعریب بكرێن و تەعەدا لە كورد بكرێت، بۆیە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، پێویستە ھەموو نەتەوەكان دڵخۆش بكات، چونكە لە پێناو ئەواندا خوێنی ھەزار و ٧٠٠ پێشمەرگەی بەخشیوە.

رێبوار تاڵەبانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان بە تایبەت سنووری كەركووك، كە بەردەوام ئەو ھێزانەی لەوێ ھەن تەعەدایان لێ دەكەن، زۆر گرنگە، چونكە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر ھەر شتێك لە ناوچە كوردستانییەكان كرابێت، نادەستوورییە و ھیچ حیسابێك بۆ دەستوور نەكراوە، چونكە ئەو ناوچانە كێشەلەسەرن و پێویستە ھەردوو حكوومەت بە پێی دەستوور بوونیان ھەبێت و ئەوەی ھەیە كێشەیەكی دەستوورییە، چونكە زۆرینەی خەڵكی ئەو ناوچانە كوردن و ھێزی كوردیش بوونی نەبێت و ھێزێك ھاتبێت كە ٣٥ساڵ حیزبی بەعس تەعریبی كردووە، ئەوانیش لەسەری بەردەوام بن".

تاڵەبانی گوتیشی: "ئەگەر ھێزی پێشمەرگە لەوێ ھەبێت، دۆخەكە زۆر باش دەبێت و پێویستە ھەموو نەتەوەكان بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دڵخۆش بن، چونكە ھێزی پێشمەرگە بێ جیاوازی لە شەڕی داعش ھەموو نەتەوەكانی پاراستووە و سەیرم پێ دێت كە ھەندێك لێدوان دەبینم دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەن، لە كاتێكدا پێشمەرگە ھەزار و ٧٠٠شەھیدی داوە، بۆیە پێویستە ئەوانیش دڵخۆش بن بە گەڕانەوەی پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە كە دەبینین رای ئەوان بەو شێوەیەیە".

دەشڵێ: "قبووڵكردن و قبووڵنەكردن بەدەستی ئەوان نییە و ئەمە دەستوور دیاری كردووە، تا ئێستاش ئەوەی كراوە پێشێلكردنی دەستووری عێراقە، بۆیە حكوومەتی عێراق ناتوانێ رێگری لە پێشمەرگە بكات، ھەر بۆیە پێویستە ھەردوو جۆرە ھێز لەو ناوچانە ھەبێت، ئەوكات ناتواندرێت تەعریب و تەعەداش لە كورد  بكرێت بە هۆی ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە".

 

بڵند ئیبراھیم