هەولێر -PDK.info- بڕیارە سبەی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ سەردانی بەغدا بکات و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتیش پێی وایە، تەنھا ھەندێ گرفتی تەکنیکی ماون و ھەردوولا دەیانەوێ بگەنە ڕێککەوتن.
ھندرێن دۆسکی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی شاندی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و درێژە بە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ، دەدەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جددیە لەوەی بگەنە ڕێککەوتن، لای عێراقیشەوە خواست ھەیە بۆ ڕێککەوتن و ھیچ لەمپەرێکی گەورە نەماوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن."
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: "ھەندێ وردەکاریی تەکنیکی دەربارەی چارەسەرکردنی پرسەکان ماون و ئەگەر ئەوانەش چارەسەر بکرێن ئەوە بێگومان ڕێککەوتن ئەنجام دەدرێت، کە خۆم گەشبینم بەوەی دەگەنە ئەنجامێکی باش."
ھندرێن دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "عێراق خۆی ھەندێ کێشەی بۆ پەیدا بووە ئەو کێشانە ئاستەنگن لەبەردەم ڕێککەوتنەکەی ھەرێم و بەغدا، لەوانە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ئەو گۆڕانکارییانەی مستەفا کازمی دەیەوێ بیانکات، واتە عێراق خۆی کێشەی ھەیە."
قائید میرۆ