Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

KDP زانیاری دەر‌بارەی ھاوبەشیپێکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لەلایەن حکوومەتەوە بڵاو دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠٢٠/٧/١، یاسای چاکسازی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بریکاری وەزارەتی پلاندانانیش ڕایگەیاند، جیا لە یاسای چاکسازی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری بە پەسەندكردنی هاوبەشیپێکردنی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە پڕۆژەكاندا داوە، ئەوەش بۆ یەكەمین جارە لە هەرێمی كوردستان شێوازێكی نوێی كار بەم شێوەیە بنیات بنرێت.

كەرتی گشتی و کەرتی تایبەت Public - Private Partnership لەلایەن وەزارەتی پلاندانان ئامادە كراوە.

لەو بارەیەوە، زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هاوبەشیی کەرتی گشتی-کەرتی تایبەت PPP، بریتییە لە گرێبەستێکی دوورمەودا لەنێوان لایەنێکی حکوومی و لایەنێکی کەرتی تایبەت بۆ دابینکردنی ژێرخان، یان خزمەتگوزاریی گشتی کە لایەنی تایبەت بەشێکی بەرچاوی مەترسییەکان و بەرپرسیارێتییەکانی بەڕێوەبردن لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها قەرەبووکردنەوە پەیوەستە بە ئەداوە.

بەپێی ئەم پێناسەیە هاوبەشیی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەت ژێرخان و خزمەتگوزاریی نوێ دابین دەکات، یان ئەوانەی هەن بەکار دەهێنرێن.

چۆن جێبەجێ دەکرێت؟

فەتاح ڕوونی کردەوە، دەکرێت لە پرۆژەیەکی هاوبەشیی کەرتی گشتی-  کەرتی تایبەتدا، لایەنی کەرتی تایبەت تەنها پارە لە خزمەتخوازان وەربگرێت، یان حکوومەت هەندێک، یان هەموو پارەکە دابین بکات، هەندێک لە ئەرکەکانی پرۆژە دەخرێنە ئەستۆی لایەنی کەرتی تایبەت، وەک دیزاین، بنیاتنان، داراییکردن، بەکارخستن و پاراستن (صیانة)، ئەمەش لە گرێبەستێکەوە بۆ گرێبەستێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام لە هەموو کەیسەکاندا لایەنی کەرتی تایبەت بەرپرسیارە لە ئەدای پڕۆژەکە و مەترسییەکان و بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردن لەئەستۆ دەگرێت. ئەم جۆرە پڕۆژانە دەکرێت لە سێکتەرەکانی تەندروستی، کارەبا، ڕێگەوبان و زۆر بواری تر جێبەجێ بکرێت.

ڕۆڵی حكوومەت لە پڕۆژەی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت چییە؟

بریکاری وەزارەتی پلاندانان ڕایشیگەیاند، لە پرۆژەکانی هاوبەشیی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەت، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زامنی ڕەوایەتی و دادوەری بکات و بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان، بەتایبەت چینی کەمدەرامەت و هەژاران بپارێزێت، ئاماژەش دەکات، ئەگەرچی لە پرۆژەی هاوبەشیی کەرتی گشتی-کەرتی تایبەت لایەنی کەرتی تایبەت خزمەتگوزاریی گشتی دابین دەکات، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە و خەڵک لێپرسینەوەی لێ دەکات، بۆیە ئەرکی حکوومەتە چاودێرێکی جددی بێت و دڵنیاییی ئەوە بکات کە پرۆژەکە بە ئاستێکی بەرز و بێ کێشە و کەموکووڕی بەڕێوە بچێت، لە هەمان کاتدا پاراستنی بەرژەوەندیی و مافی هەژاران ئەرک و بەرپرسیارییەتیی حکوومەت دەبێت.

سوودەکانی ئەو پڕۆژەیە:

ھاوکات زاگرۆس فەتاح، سوودەکانی ئەو پرۆژەیە دەخاتە ڕوو کە یەكەمین جارە لە هەرێمی كوردستان شێوازێكی نوێی كار بەم شێوەیە بنیات بنرێت.

١- بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە دروستکردن و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان و چینی هەژاران.

٢- ڕەخساندن و فەراهەمکردنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییان بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتدا.

٣- ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیژیی گەورە لە هەرێمی کوردستان کە دەبێتە هۆی پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان.

٤- هێنانە پێشەوەی سەرمایەداران و بەکارهێنانی سەرمایەکانیان بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کە تێیدا هەردوو لا (سەرمایەدار و هاووڵاتی) سودمەند دەبن.

٥- دڵنیاییدان لەوەی کە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە کوالێتییەکی بەرز و شێوازێکی تەواو و ڕێکوپێکتر دەگاتە هاووڵاتییان.

 

ھەڵکەوت محەمەد