Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"تاقیکردنەوەی کۆتاییی پۆلی ۱۲ی ئامادەیی لە ڕێکەوتی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت"

هەولێر ـKDP.infoـ  ڕێکەوتێک دیاری کرابوو لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاقیکردنەوەی گشتی کۆتاییی پۆلە کۆتاکان ئەنجام بدرێت، هەربۆیە وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێسکۆنفرانسێکدا دووپاتی کردەوە، لە هەمان ڕێکەوتدا ئەنجام دەدرێت و هیچ بڕیارێک نییە بۆ دواکەوتنی، بەڵام قۆتابیان دەبێ ناچار بکرێن ماسک بەکار بێنن بۆ خۆپارێزی.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: "تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی بە گرتنەبەری ڕێکارەکانی تەندروستی بەڕێوە دەچن، لە ڕێکەوتی ۱۱ی ۷ی ۲۰۲۰ و ٨ی ئاب کۆتا تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت، تاقیکردنەوەکان هەروەک خشتەی پێشوو ڕامانگەیاندبوو دەست پێ دەکات، بەڵام دەبێ قوتابی ناچار بکرێت ماسک ببەستێت و خۆپارێزیی تەواو بکات لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید ۱۹ کە بە شێوەیەکی بەربڵاو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە."

وەزیری پەروەردە، گوتیشی: "تا ڕادەیەک باروودۆخی تەندروستی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناڕوونە، مەترسی هەربەردەوامە و دیار نییە کەی کۆتاییی دێت، سروشتی تاقیکردنەوەی ۱۲ی ئامادەییش وایە کە هەر پێویستە ئەنجام بدرێت، چونکە داهاتووی قوتابی پێوە بەندە بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان."

ئالان حەمە سەعید زیاتر گوتی: "بۆ یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەدوای تاقیکردنەوە 2 - 3 کاتژمێر لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، قوتابی دەتوانێت لاپەڕەی سۆمای خۆی ببینێت بە وەڵامی نموونەییەوە، بۆ ئەوەی بزانێت تاوەکو چەند هەڵەی کردووە، یان بەڕاستی وەڵامەکانی داوەتەوە، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکان بە ڕێکوپێکی ئەنجام بدرێن، وەزیری پەروەردە دەڵێت، بەشێک لە هۆڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ تاقیکردنەوەکان دابین دەکرێن."

هاوکات، ئەمساڵ 162 هەزار و 668 قوتابی و خوێندکاری قۆناغی 12ی ئامادەیی هەبوون، 144 هەزار و 142 قوتابی لە تاقیکردنەوەکاندا بەشدار دەبن، ئەو 144 هەزار و 142 قوتابی و خوێندکارەی مافی بەشداربوونیان بەدەست هێناوە دابەش دەبن بەسەر دوو هەزار و 337 هۆڵدا، کە ئەوانیش هۆڵی زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانە ئەهلییەکان و هۆڵەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.''

 

فایزە کۆیی