Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پەیامێکی پیرۆزباییی پێشکەش بە پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا کرد

ئەڵمانیا -KDP.info-  پیرۆزبایینامەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بۆ سەرکردایەتیی پارتی کریستیان دیمۆکراتی ئەڵمانیای فیدراڵ، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

لە بیرەوەریی ٢٦/٦/١٩٤٥ و ٧٥مین ساڵی دامەزراندنی پارتە پێشکەوتنخوازەکەتان (پارتی کریستیان دیمۆکراتی ئەڵمانیای فیدراڵ)دا پێی خۆشحاڵین لە کوردستانەوە بە ناوی ڕێزدار سەرۆک مەسعوود بارزانی و تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی دیمۆکراتی کوردستان (KDP) و جەماوری پارتی و خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتیی پارتی (سی.دی.یۆ) و جەماوەری پارتە تێکۆشەرەکەتان بکەین لە یادی ٧٥مین ساڵی دامەزراندنیدا.

پارتە تێکۆشەرەکەتان لە سەردەمێکی سەختی شەڕی دووەمی جیهانیدا کە ئەڵمانیا و ئەورووپا پێیدا تێپەڕ دەبوون، دامەزرا. بەهۆی سیاسەتی ژیرانەی سەرکردایەتیی پارتەکەتان و ئەو پرەنسیپانەی کە پارتی (CDU) لە پێناویدا دامەزراوە توانی لە مێژووی ٧١ ساڵی ڕابردووی کۆماری ئەڵمانیا دا بۆ ماوەی (٥٠) ساڵ حوکمڕانییەکی مێژوویی پڕ لە سەرکەوتن بۆ (CDU) و کۆمەڵگای ئەڵمانیای فیدراڵ تۆمار بکات و لە مێژووی حوکمڕانیی (٥) لە گەورە ڕاوێژکارانی ئەڵمانیادا خزمەتێکی مەزن بە بنیادنان، هەڵسانەوە و ڕێبەرایەتیکردنی لەسەر ئاستی سیاسەتی نێوخۆیی و ئەورووپی و نێودەوڵەتیی کۆماری ئەڵمانیا بکات و بە هەمان شێوەش لە بواری سیاسی، دیپلۆماسی، ئاشتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی ناوبانگێکی جیهانی بۆ ئەڵمانیای فیدراڵ و شانازییەکی گەورەش بۆ ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی پارتی (CDU) تۆمار بکات، بەتایبەتی لە سەر ئەو پرەنسیپانەی کە پارتی کریستیان دیمۆکراتی ئەڵمانیای فیدراڵ لەسەری بنیاد نراوە جێپەنجەی دیارە لەسەر پرسەکانی ئاشتیی جیهانی و ئازادیی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ و هێنانەدیی ئاساییش و سەقامگیری و دژایەتیکردنی شەڕ و تیرۆر و توندوتیژی و ڕۆڵی سەرکردایەتیی پارتە تێکۆشەرەکەتان لە نەهێشتنی شەڕی ساردی نێوان بلۆکبەندییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە خزمەتکردن بە یەکگرتنەوەی هەردوو کۆماری ئەڵمانیا، ڕووخانی دیواری بەرلین و ڕۆڵی کاریگەری ئەڵمانیا لەنێو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی تری جیهانیدا بۆ هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری و ئاساییش و پێشکەوتن لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەڵمانیا و لە ئەورووپا و جیهاندا بە ڕووداوی مێژووییی گرنگ لەقەڵەم دەدەین.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان (KDP) کە لە ١٦ی ئاگۆستی ١٩٤٦ لەسەر دەستی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، سەرکردەی ئەفسانەییی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراوە و بە کۆنترین و پڕئەزموونترین پارتی کوردستانی هەژمار دەکرێت لە خەباتی سیاسی و دیمۆکراسی و شۆڕشگێڕی و خۆبەڕیوەبردندا، لە هەوڵەکانیدا بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەی ئازاد و کراوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و هێنانەدیی ئاشتی و ئازادی و دیمۆکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لە کۆمەڵگای کوردستاندا کە خاوەن ناوبانگ و ڕۆڵێکی گرنگ بووە و بەتایبەتی لە سەرکردایەتیکردن و حوکمڕانی و بنیادنانی ئاشتی و دیمۆکراسی و پێکەوەژیان لە نێوان هەموو ئایین و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستاندا توانیویەتی بێ پسانەوە درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆی بدات. ئێمە شادمانین بە فراوانبوونی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان سەرکردایەتیی هەردوو پارتی دۆست (CDU) و (KDP) لە هەموو بوارەکاندا, لە بنیادنانی پەیوەندیی سیاسی، هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانماندا بۆ برەودان بە پەیوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی، ئابوورییەکان و گەشەپێدانی هەموو بوارەکان لە نێوان کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا. هەروا بە خۆشحاڵییەوە لە بەشداریی فەرمی و بەردەوامی شاندە باڵاکانی سەرکردایەتی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (KDP) لە کۆنگرە و گردبوونەوەکانی پارتەکەتاندا و فراوانترکردنی پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ ئۆڕگانەکان و دامەزراوەکانی پارتەکەتاندا لە ئەڵمانیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەڕوانین، کە ئاسۆیەکی گەشی فراوانکردن و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو پارتی دۆستی هێناوەتە ئاراوە، کە بە شانازییەوە لەسەری بەردەوام دەبین. سەرکردایەتیی سیاسیی پارتی و هەرێمی کوردستان بە چاوی ڕێز و ستایشەوە لە پەیوەندی و پشتیوانی و هاوکارییەکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دەڕوانن لە پشتگیریی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی و ئابووری و مرۆیی و ئاوەدانی و گەشەپێدان و بە شانازییەکی گەورەشی دەزانین کە بە هاوکاری و پشتیوانیی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر توانرا لە هەرێمی کوردستان مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهانی (داعش ) لەسەر دەستی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کوردستان و ناوچەکەدا تێک بشکێندرێت بۆ هێنانەدیی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە جیهانی ئازاد و شارستانیدا کە هەریمی کوردستانیش بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی کۆمەڵگای جیهانییە لە دژایەتیکردن و بنبڕکردنی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکەدا.

سەرکردایەتی (KDP) لە یادەوەریی ٧٥مین ساڵی دامەزراندنی پارتە تێکۆشەرەکەتاندا هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازێ. لە هەمان کاتدا لە کوردستانەوە هیوای بەختەوەری و پێشکەوتن و گەشەپێدانی بەردەوامیش بۆ کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و گەڵی ئەڵمانیای دۆست دەخوازین لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئەورووپی و جیهانیدا...

***

- گرنگیی پێگەی سیاسی و مێژووییی پارتی (سی.دی.یو) لە ئەڵمانیا و ئەورووپا و گەشەپێدانی پەیوەندیی سیاسی و دۆستانەی نێوان (پ.دک) و پارتی (سی.دی.یو) تایبەت بە دۆزی گەڵی کوردستانەوە.

شایانی باسە پارتی کریستیان دیمۆکراتی ئەڵمانیا لە پارتە پێشکەوتنخواز و پڕجەماوەرەکانە و خاوەنی ئەزموونێکی مێژووییە لە حوکمڕانیکردنی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ. سەرەڕای ئەوەی پارتی  (CDU) لەنێو ژینگەی شەڕ و وێرانکارییەکانی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی لە ٢٦ /٦/١٩٤٥ دامەزرا، بەڵام خێرا گەشەی کرد و بوو بە سەرکەوتووترین پارتی سیاسیی ئەڵمانیا و لە (٧١) ساڵی ڕابردووی کۆماری ئەڵمانیادا پارتی (سی.دی.یۆ) توانیی بۆ ماوەی (٥٠) ساڵ حوکمڕانیی ئەڵمانیا بکات و (٥) لە ناسراوترین و بەهێزترین ڕاوێژکارەکانی ئەڵمانیا لە مێژووی حوکمڕانیی ئەم وڵاتەدا لە پارتی ناوبراون، کە بریتین لە (کۆنراد ئەدێناوەر، لۆدڤیگ ئێرهارد، کۆرت گیۆرگ کیسینگێر، هێلمۆت کۆهل و ڕاوێژکاری ئێستا خاتوو ئەنجێلا میرکل، کە درێژترین ساڵانی حوکمڕانیی ئەڵمانیای فیدراڵی بەدەستەوە بووە و توانیویانە بە سیاسەت و ستراتیژی و ڕۆئیایەکی پێشکەوتوو ئەڵمانیا و پارتی (سی.دی.یۆ) بگەیینە ئاستێکی بەرز لە مێژووی ئەم وڵاتەدا. لە سایەی حوکمڕانی سەرکەوتووی ئەم ڕاوێژکارانەدا بوو کە ئەڵمانیای فیدراڵ توانیی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی، کۆمارەکانی ئەڵمانیا بیناد بنێن و دووبارە وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە و ڕۆڵی سەرەکی ببینن لە نەهێشتنی شەڕی سارد لە نێوان هەردوو زڵهێزی ڕۆژهەڵات و ڕؤژئاوا و بەهۆیەوە هەردوو کۆماری ئەڵمانیا یەک بگرنەوە و هەیکەلیەی تازە بۆ کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دابڕێژنەوە و دیواری بەرلین بڕووخێت و ئەڵمانیایەکی بەهێز لە ئەورووپا بنیاد بنرێت، کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەنێو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا و پەیمانی ئەتلانتیکی باکووری (ناتۆ) و دامەزراوەکانی تری جیهانیدا لەپێناوی دژایەتیکردنی شەڕ و تیرۆر و توندوتیژی و هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش بۆ ئەورووپا و جیهان و لە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی قەیرانەکانی سیاسی و شەڕ و گەشەپێدان بە فراوانکردنی پرۆسەی ئاشتی و دیمۆکراسی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و بەرەوپێشبردنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ کە خزمەت بە جیهانێکی ئازاد و شارستانی دەکات کە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی کردووە بە پێشەنگ و کاراکتەرێکی گرنگ لەسەر ئاستی سیاسەتی ئەورووپا و لە سەردەمی گلۆبالیزمدا .. لە سایەی حوکمڕانیکردنی پارتی (سی.دی.یۆ)دا توانرا کۆمەڵگایەکی ئازاد و زیندوو و بەهێز بۆ کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ بنیاد بنرێت کە تێیدا خەڵکەکەی لە ئاشتی، ئارامی، خۆشگوزەرانی و پێشکەوتندا دەژین و کاریگەریشی هەیە بەسەر سیستەمی نوێی جیهانییەوە. پارتی (سی.دی.یۆ) توانی بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی (سی.ئێس.یۆ) ببنە لایەنی سەرەکیی حوکمڕانیکردنی ئەڵمانیای فیدراڵ. پارتی (سی.دی.یۆ) بە دەستەخوشکی پارتە میانڕەو و سێنتەریستی ڕاستڕەو و دیمۆکرات و لیبەرالەکان هەژمار دەکرێت و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هێلمۆت کۆهل بە یەکێ لە باوکانی دامەزرێنەری ڕێکخراوی پارتە دیمۆکراتەکانی جیهانی لە ٣٧ ساڵی ڕابردوودا هەژمار دەکرێت و توانی پارتە دیمۆکرات و میانڕەوەکانی جیهانی لە یەک بلۆکبەندیی یەکگرتوودا کۆ بکاتەوە کە بەردەوام ڕێژەی ئەندامانی بەرز دەبێتەوە و لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر لە (٨٠) پارتی سیاسی تێێدا بوون بە ئەندام لە (٦٠) وڵاتی جیهانیش خاوەنی دەسەڵات بوون کە پارتی (سی.دی.یۆ) لە بەهێزترینیانە. هەروا جیا لەوەی خاوەنی بەهێزترین یەکێتیی لاوانی دیمۆکراتی جیهانی و ئەورووپین و یەکێتیی ئافرەتان و چەندین دامەزراوەی تریش لەخۆ دەگرن کە یەکێتی لاوانی (سی.دی.یۆ) سەر بەم پارتەن. پارتی گەلی ئەورووپی (ئی.پی.پی) لەنێو پەرلەمانی ئەورووپادا بە باڵی سەرەکییان دادەنرێت و لە ساڵانی ڕابردوو لە ٢٣ وڵات دەسەڵاتیان هەبوو و گرووپی پارتی گەڵی ئەورووپیش لەنێو پەرلەمانی ئەورووپادا بەردەوام بەهێزتر دەبن و پارتی (سی.دی.یۆ) و پارتی گەڵی ئەورووپی و هاوپەیمانەکانی ڕۆڵی سەرەکی لەنێو ئۆڕگانەکانی پەرلەمانی ئەورووپا و لە یەکێتی ئەورووپادا دەبینن. سەرەتای پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و پارتی کریستیان دیمۆکراتی ئەڵمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٦٠ و ٧٠ی سەدەی ڕابردوو کە لەو سەردەمەدا پارتی دیمۆکراتی کوردستان سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی کوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی دەکرد بە ڕێبەرایەتیی سەرکردەی نەتەوەییی کوردستان، مستەفا بارزانی نەمر. لەو سەردەمەدا بەردەوام ڕێژەی چالاکانی سیاسیی کورد و خوێندکارانی کوردستانی لە هەردوو کۆمارەکانی ئەو سەردەمەی ئەڵمانیا تا دەهات زیادی دەکرد کە پشتیوانییان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکرد و توانیبوویان پردێکی پەیوەندی دروست بکەن لە نێوان پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا و سەرکردایەتیی شۆڕش و (پ.د.ک)دا و دوای ڕووداوەکانی ساڵانی (١٩٧٥) تا دوای ساڵانی (٢٠٠٠) و بەتایبەتیش لە سەردەمی شەڕی داعشدا ڕێژەی پەنابەرانی کوردستانیش لە ئەڵمانیا بە ڕیژەیەکی زۆر بەرز بووەوە کە ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن کورد لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دەژین و گەورەترین کۆمەڵگای کوردی لە دیاسپۆرا ئێستا لە ئەڵمانیایە و لە بواری خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانیدا چالاکن و خاوەن کاریگەری و ڕێکخستنێکی باشن و دەیان دامەزراوە و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ڕۆشنبیرییان بنیاد ناوە و چالاکن لە ڕیزەکانی پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە و بەتایبەتی پارتی کریستیان دیمۆکراتی ئەڵمانیای فیدراڵدا توانیویانە بە فراوانی دۆزی کورد بە کۆمەڵگای ئەڵمانی بناسێنن و ڕۆڵ و کاریگەریشیان هەبێت لەنێو کایەی سیاسی و پەرلەمانی و دەزگا و دامەزراوەکانی ئەڵمانیدا. قۆناغی دووەمی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەگەڵ پارتی (سی،دی.یۆ) و لایەنەکانی تر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانیی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هێلمۆت کۆهڵ لە ساڵانی (٨٠)ی سەدەی ڕابردوو کە بڕوای بە کرانەوە بە ڕووی پرسی کورددا هەبووە و پەیوەندییەکی دۆستانەشی لەگەڵ پارتە میانڕەو و دیمۆکراتەکانی جیهان هەبوو و لە نێویاندا پارتی دیمۆکراتی کوردستان. بوونی ڕێژەیەکی بەرچاوی چاڵاکانی سیاسی و ئەکادێمیی گەنجی کورد لە ئەڵمانیای فیدراڵ کە زمانزان و شارەزا و تێکەڵاوییەکی باشیان لەگەڵ کۆمەڵگا و ژینگەی سیاسیی ئەڵمانیادا هەبووە و جێی خۆیان لەنێو ئۆڕگانەکانی پارتی کریستیان دیمۆکراتی ئەڵمانیادا بەتایبەتی کردووەتەوە هاندەرێکی باش بووە لە ئاشناکردنی سەرکردایەتیی سیاسیی پارتی (سی.دی.یۆ) و لایەنەکانی تر بە دۆزی کورد. هەروا لە (١٧) ساڵی ڕابردوودا لە سایەی سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا خاتوو ئەنجێلا مێرکل پەیوەندییەکانی نێوان هەریمی کوردستان و کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەموو بوارەکانی سیاسی، دیپلۆماسی. سەربازی، ئابووری، کەلتووری و گەشەپێدان و لە چەندین بواری تردا فراوانتر بووە و بەتایبەتی لە سەردەمی سەرهەڵدانی شەڕی داعش و تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکەدا دیدار و چاوپێکەوتنەکانی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە دیدار و کۆبۆنەوەکانی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا خاتوو مێرکڵ و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری بە فراوانی گەشەی کردووە و ئەڵمانیای فیدراڵ لە بواری سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی و... پشتیوانێکی بەهێزی سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان بووە و لە ڕۆژە سەختەکانی شەڕی تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا پشتیوان و هاوکارێکی بەهێزی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوون لە دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستی بۆ سەر خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان شانبەشانی وڵاتانی تری ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆردا. کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە قۆناغی پۆست داعشدا هەروا بە هەزاران هاووڵاتی هەرێمی کوردستانی بەتایبەتی لە کوردانی ئێزدی و کریستیانەکانی لە وڵاتەکەیاندا داڵدە داوە کە لە لایەن داعشەوە بە دڕندانەترین شێوە جینۆساید و توندوتیژییان بەرامبەر پەیڕەو کراوە. سەردانی شاندە باڵاکانی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی و پەرلەمانی ئەڵمانی لە ساڵانی ڕابردوو و بەردەوام کە بەتایبەتی لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون و دیدارەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی تری هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەڵمانیای فیدراڵ، ئاسۆیەکی گەشی لە بنیادنانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی لێ کەوتووەتەوە کە زۆرینەی کەسایەتییە ناسراوەکانی سیاسی و دیپلۆماسی و پەرلەمانیی ئەڵمانی سەر بە پارتی کریستیان دیمۆکراتی ئەڵمانیا دەسەڵاتدار بوون کە توانیویانە پەیوەندییەکانی دەرەوەی نێوان کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بگەیەننە ئاستێکی پێشکەوتووتر کە هەردوو گەڵی ئەڵمانیای دۆست و گەلی کورد هیوای بۆ دەخوازن. کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە وڵاتە پێشەنگەکانی ئەورووپا بووە کە کۆنسوڵگەریی گشتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ و ناکۆکییە سیاسی و مرۆییەکان. هەروا ئەم وڵاتە بە چڕی چاودێریی دۆخی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا دەکات .