Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.نەسر حەریری: دەبێ بڕیارەکەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سووریا جێبەجێ بکرێ

سووریا- KDP.info -  ئەندامی دەستەی باڵای دانوستاندنی سووریا لە ئیئتلافی نیشتمانیی سووری "ئۆپۆزسیۆن" دەڵێ، لە ٩ ساڵی ڕابردووی سووریادا هێشتا ڕژێم بەردەوامە لە کردەوەی سەربازی و ئاسایشی و، خەڵک سەرکوت دەکرێ، دەکوژرێ، ئاوارە دەکرێ، دەستگیر دەکردێ، زۆری لێ دەکرێ بۆ ئەوەی ئاوارە ببێ. هەموو شتێک لێ دەکرێ و لە هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەڵەتیشدا خاوەن بڕیار نییە.

د. نەسر حەریری، لە کورتە هەڤپەیڤینەکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: "ئێستا جوگرافیای سووریا دابەش بووە لە باکووری سووریاوە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە تورکیا و ئەمەریکا لەوێن و ڕووسیاش پشتگیریی ڕژێمی سووری دەکات و لە ساڵی ٢٠١٥ نەیهێشت بکەوێت، بەڵام نەیتوانی وەک پێویستیش ڕژێمی سووریا هەڵبسێنیتەوە، ئێستا ڕژێم لەبەردەم داڕووخانێکی گەورەی سیاسی و ئابووریدایە و ئابلۆقەی ئابووری و سیاسیی گەورەی لەسەر هەن؛ نموونەشیان یاسای "قەیسەر".

گوتیشی: "ڕووسیا نەیتوانی وەک پێویست خەڵکی سووریا لەگەڵ ڕژێم ئاشت بکاتەوە و هەروەها نەیتوانی قەناعەتێک بۆ جیهان دروست بکات کە بتوانێ دەرگای پێوەندییەکان بکاتەوە و خەڵکیش لەدژی ئەو ڕژێمە خۆپێشاندان دەکەن، بەتایبەت لە درعا و سویدا .

" سەرەڕای هەموو پشتگیرییەکی وڵاتان بۆ ڕژێمی سووریا، بەڵام ئێستا ئەم ڕژێمە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە بۆ کەوتن و شکەستهێنان. جارێک لە لایەن خەڵکەوە و لە لایەکی تریشەوە لەژێر گوشاری وڵاتانی بەهێزی دنیادایە، ئیستا وڵات پێویستی بە چارەسەری سیاسیی ئینتقالیی ڕاستیەقینە هەیە بەپێی جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش لەگەڵ هەبوونی گوشارێکی ڕاستەقینە". حەریری وا دەڵێ.

دەربارەی ئەوەی کە ئایا لە ئیئتلافی نیشتمانیدا ڕێژەی کورد کەم نییە، کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) نوێنەراتیی کورد دەکات لەو ئیئتلافەدا، ئەو دەڵێ، جووڵانەوەی سیاسیی کورد پشتگیریی جووڵانەوە و شۆڕشی سووریای لە دەستپێکەوە تا کۆتایی کردووە.

دەشڵێ، بە بۆچۆنم گەلی سووریا دەبێ خۆی دوور بگرێ لە سیستمی موحاسەسە و کۆتا، ئەمە لێدانە لە مەبدەئی هاووڵاتیبوونی سووریا، سەرەڕای ئەمەش و ئیئتلاف بە هەموو مەرجەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیش ڕازی بووە بۆ پشکداریکردن و نوێنەراتیکردنیان، ئیستا ژمارەیان لەوە زیاترە کە داخوازییان دەکرد و ئێمە پشتگیری سەرسەختین کە کورد لە ئیئتلاف و وەفدی دانوستانکار و لیژنەی دەستووری و هەموو مەرکەزێکی بڕیارداندا هەبێت."

دەربارەی ئەوەی کە چەندین کۆبوونەوەی جیهانی پێک هاتووە و ئیئتلاف پشکداریی تێیاندا کردووە، ئێوە گەیشتوونە چ ئامانجێک و دەستکەوتان چی بووە؟ ئەو دەڵێ: "ڕاستە پشکداریمان لە زۆر کۆبوونەوە و لووتکەی جیهانی بۆ پرسی چارەسەری سووری کردووە، بەڵام هەموو جارێک ئامانجمان ئەوە بووە بڕیاری ٢٢٥٤ جێبەجێ بکرێت، دەستپێکیش لە پرسە مرۆییەکان و دۆسیەی دەستگیرکراوەکان و ڕاوەستاندنی کوشتنی خەڵکی سڤیل و هاتنی هاوکاریی مرۆیی بێت، بەڵام ڕژێم وای دەنواند کە ئەوەی دەکرێت، کاری ئەوان نییە و وایان هەست دەکرد کە دژی تیرۆر شەڕ دەکەن و پشتگیری پیکهاتەکانن، بەڵام ئەوان ڕاست ناکەن، چونکە ئەو خۆپێشاندانەی کە ئیستا لە سوێدا دژی ڕژیم دەکرێن بەڵگەن و ڕژێم هەموو بارەگاکانی خۆی ڕادەستی وڵاتانی بیان کردووە، ئێمە بە هیچ شیوەیەک ئەم ڕژێمە قبووڵ ناکەین و ڕەتی دەکەینەوە."

لە وەڵامی ئەو پرسەی کە ئێوە زۆر دەربارەی دەستوور ئیش دەکەن، کەچی کێشەی زیاتر هەن، ئێوە خۆتان بە دەستوور سەرقاڵ کردووە، حەریری دەڵێ: "وایە دەستوور هەنگاوێکی گرنگە لە هەنگاوەکانی چارەسەر، بەڵام هەموو شتەکان چارەسەر ناکات، چونکە ئەگەر دەستوور دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجیکردن و قەزائی (دادوەری) نەبێ، ئەوا مەرەکەبی سەر کاغەزە، ڕاستە دەستوور بەشیێکی چارەسەرە، بەڵام هەمووی نییە، لەگەڵ دانانی دەستوورێک پێویستی بە دانای حکوومەتێکی ئینتقالی بە هەموو دەسەڵاتێکەوە هەیە و بەرەو هەڵبژاردن بچین بۆ ئەوەی گەلی سووریا نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن بۆ پەرلەمان و کێ نوێنەراتی دەکات لە سەرۆکایەتی کۆمار و حکوومەت و هەموو شوێنەکانی تر و دەمانەوێ وڵاتێکی مەدەنی و دیموکراسی و فرەلایەنیمان هەبێ، ڕێگا بە هەمووان بدرێ، کەشێکی سیاسی هەبێ، ڕیگە بە هەموو لایەنەکان بدات تەعبیر لە بۆچۆنی خۆیان بکەن و هەموو پێوەرەکانی بەهای مرۆیی هەبن و لە هاووڵاتیبوونی یەکسان و هەموو ئینتیماکان و، پیکهاتەکان هەست بەوە بکەن کە سووریا وڵاتەکەیانە و ترسیان نەبێ."

ئەندامی دەستەی باڵای دانوستانکاری سووریا گوتیشی: "پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی توندوتۆڵە و ئێمە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و سەرۆک مەسعوود بارزانی بەرز دەنرخێنین، ئەوان بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ داخوازیی گەلی سووری وەستاون، هەرێمی کورستان زەمینێکی لەبار بوو بۆ حەوانەوەی ئاوارەی خەڵکی سووری و مامەڵەی زۆرباشیان لەگەڵ کردن، سەرەڕای ئەو دۆخە ئابوورییە ناخۆشەی خەڵکی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبوون."

"ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان چەندین جار بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کردووە بۆ ئایندەی وڵات و کۆچبەران و چارەسەری سیاسی و ئەو هەموو ئالنگارییانەی دێنە پێش گەلی سووریا." لە کۆتاییدا وای گوت.

 

کاروان باعەدری