Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنێك كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی تێدا پارێزراوبێت لە گفتوگۆكان بەردەوام دەبین

ھەولێر-KDP.info- مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ شاندی دانوستانكار له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی كۆبووه‌وه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/30، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ شاندی دانوستانکار لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، تیشکی خستە سەر سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت. گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان داکۆکی و پێداگیریی لە مافە ڕەواکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەکات و هەرگیز سازشیان لەسەر ناکات.

هەفتەی رابردوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی كرد و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام دا.