Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دھۆك.. چوار پۆست بۆ مەسیحییەكان یەكلا بوونەتەوە

دھۆك-KDP.info- نوێنەرێكی مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی گۆڕانكاریكردن لە پۆستە ئیدارییەكانی دهۆكدا، چوار پۆست بەر مەسیحییەكانی ئەو پارێزگایە دەكەون، ئەو چوار پۆستەش بۆ مەسیحییەكان یەكلا بوونەتەوە.

روبینا تەیاری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە ئیدارییەكان، چوار پۆست بۆ پێكھاتەی مەسیحی یەكلا بوونەتەوە، ئەوانیش جێگری پارێزگار و دوو بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرێكی گشتین، بۆیە ھەر كاتێك گۆڕانكارییەكان كران، ئەو پۆستانە وەردەگرین".

تەیاری گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە لەو گۆڕانكاریانەی لە پۆستە ئیدارییەكاندا دەكرێت، پشكی پێكھاتەی مەسیحیش بدرێت، كە بەشدارین لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان  و لە كابینەی نوێشدا وەزیرمان ھەیە، بۆیە لە پۆستە ئیدارە خۆجێیەكانیش پۆستمان پێدەدرێت و چاوەڕێ دەكەین كە گۆڕانكارییەكان دەست پێبكەن، تا ئەو پۆستانەش بۆ مەسیحییەكان یەكلا بكرێنەوە".

نوێنەری مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ، ھەر كاتێك دەست بە گۆڕانكارییەكان كرا، كاندیدیان تا ئەو كاتە بۆ ئەو چوار پۆستە ئامادە دەبن.

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كە گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكانی دھۆكدا بكات و، لە سەرەتاشدا گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگار كرد و بڕیارە گۆڕانكاری لە پۆستەكانی دیكەشدا بكات.

 

بڵند ئیبراھیم