Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قەھوەچی: پەرلەمانی كوردستان چەندین وەزیر بانگھێشتی پەرلەمان دەكات

ھەولێر-KDP.info- سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەبارەی درێژكردنەوەی خولی بەھارە دەدات، بۆ ئەوەی چەندین پرسی گرنگ گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، لەوانە، بانگھێشتكردنی سێ وەزیر و چەندین پرسی دیكەی گرنگ.

مونا قەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ سەعات یەكی پاشنیوەڕۆ پەرلەمانی كوردستان لەسەر دوو پرس كۆدەبێتەوە، كە بریتین لە دەنگدان لەسەر پێشنیازی بڕیاری پێشكەشكردنی پێشنیازەیاسا و پێشنیازەبڕیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان بەدەر لە حوكمی ماددەی ٨٢ی پەیڕەوی ناوخۆ و، هەروەها درێژكردنەوەی خولی بەھارەی ساڵی دووەم لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی ٧ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان".

قەھوەچی گوتیشی: "بڕیارە بە ھۆی ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا نەمانتوانی كۆبوونەوە بكەین لەبەر نەخۆشیی كۆرۆنا، بڕیارە لەو ماوەیەدا چەندین پرس گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، لەوانە، بانگهێشتی هەرسێ وەزیرانی تەندروستی و ناوخۆ و پێشمەرگە دەكرێت و، هەروەها كێشەی ناوچە كوردستانییەكان و دۆخی تەندروستی و كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا و چەندین پرسی دیكە گفتوگۆ دەكرێن".

 

بڵند ئیبراھیم