Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.محەمەد قادر: پێداویستیی تەندروستی بە یەکسانی دابەش دەکرێت

هەولێر-KDP.info-‌ بەھۆی ھەڵکشانی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان وەزارەتی تەندروستی ھەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و دابینکردنی ئامێر و پێداویستیی تەندروستی بۆ ھەموو ناوچەکان و، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ، ''خەریکە دەگەینە قۆناغێک، لەوانەیە لە توانای تەندروستیی ئێمەدا نەبێت.''

د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بە دوو ڕێگا پێداویستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابین دەکەین، ڕێگای یەکەم ئەو پارەیەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی دابینی دەکات بە یەکسانی لەسەر ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و ئەوەی دیکە ھاوکاریی ڕێکخراوەکانە، ئەویش دابەشی سەر بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایدا بێت، درێغیی ناکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ھەڵکشانی ڕێژەی توشبووان وای کردووە خەریکە دەگەینە قۆناغێک کە لەوانەیە توانای تەندروستیی ئێمە ھەر ئەوەندە بێت، چونکە ھەتا وڵاتانی پێشکەوتووش توانای تەندروستییان سنوردارە."

دەربارەی نەمانی ئامێر و ئەو کیتانەی بۆ پشکنینی کۆرۆنا بەکار دێن، د. محەمەد قادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەو کیتەی بۆ پشکنینی کۆرۆنا بەکار دێت لە لایەن حکوومەتی ھەرێم و ڕێکخراوەکانەوە دابین دەکرێت، بەڵام ژمارەی پشکنین ئەوەندە زیادی کردووە ڕۆژانە لە ھەر کاتێکدا دەکرێ بەشمان نەکەن و نەمێنن، ھەتا ئامێرەکانیش، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە زۆرترین خەڵک تووشی کۆرۆنا دەبێت و زۆرترین پشکنین ئەنجام دەدەرێن، تەنیا چارەسەر خۆپارێزییە بۆ ئەوەی دەزگا تەندروستییەکانیش بتوانن ئەو توانایەی ھەیانە بەکاری بێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا."

قائید میرۆ