Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی شارەوانی دەستی كردووە بە گۆڕینی سەرۆك شارەوانییەكان و زۆربەشیان دەگۆڕدرێن

هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پڕۆسەی گۆڕینی سەرۆك شارەوانییەكان دەستی پێكردووە، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانیش دەڵێ، زۆربەی سەرۆك شارەوانیەكان بەر پڕۆسەكە دەكەون.

كوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو پێشتر گۆڕانكارییەكە بكرێت، چونكە ھەر كاتێك كابینەی حكوومەت دەگۆڕدرێت، لە زۆربەی ئاستەكان گۆڕانكاری دەكرێت، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكاریانەش وەزارەتی شارەوانی دەستی كردووە بە گۆڕینی سەرۆك شارەوانییەكان لە ھەرێمی كوردستان".

گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: "بەشێك لە سەرۆك شارەوانیەكان تێبینییان لەسەر ھەیە و بەشێكی دیكەشیان ماوەی چەند ساڵێكە لەو پۆستەدان و پێویستیان بە گۆڕانكاری ھەیە".

شابان روونیشی كردەوە: "ماوەكانی رابردوو سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەكانی ناو ھەولێر گۆڕدران و بڕیارە ھەموو سنوورەكانیش بگرێتەوە، بێگومان كەسانی نوێ و پسپۆڕ لەو بوارە دەكرێنە سەرۆك شارەوانی".

 

قائید میرۆ