Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەرێم و بەغدا تەنھا لەسەر ژمارەكە ماوە بگەنە رێككەوتن

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لێكنزیكبوونەوەیەكی باش لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا ھەیە و تەنھا ماوە لەسەر بڕی ئەو پارەیە رێكبكەون كە بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، بۆیە پێویستیان بە یەك تا دوو دانیشتنی دیكە ھەیە و، ئەم ھەفتەیەش جارێكی دیكە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە.

د. ئەحمەد سەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەردانی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ئەنجامی باشی ھەبووە و، ئەوان داواكاریی خۆیان پێشكەش كردووە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش داواكاریی خۆی پێشكەش كردووە، هەروەها ئەوان ژمارەیەكیان دیاری كردووە بۆ ناردنی بڕی پارەكە و حكوومەتی ھەرێمیش داوای زیاتری كردووە".

سەفار گوتیشی، ئەوەی ئەوان باسیان كردووە، ھەموو داھات و نەوتیان پێبدەن و ھەرێمی كوردستانیش داوای بڕێك پارەی كردووە، بەڵام ئامادە نەبوو ئاشكرای بكات و تەنھا باسی لەوە كرد كە، بەشی مووچە ناكات، بۆیە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر ھەیە تا بگەنە رێككەوتن.

دەشڵێ: "ھەردوولا لە قەیرانی داراییدان و بڕیاریان داوە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت تا رێككەوتن، بڕیاریشە لەم ھەفتەیەدا جارێكی دیكە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە و، لەسەر برێك پارە بگەن رێككەوتن كە ھەرێمی كوردستان بتوانێ خۆی پێ بەڕێوە ببات، بۆیە تەنھا لەسەر ژمارەكە ماوە بگەنە رێككەوتن".

 

بڵند ئیبراھیم