Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فرسەت سۆفی: بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی سنووردارمان دەرکردووە

هەولێر-‌KDP.info-‌ پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێکی نوێیان دەرکردوون، یەکێک لە بڕیارەکان "قەدەخەیەکی هاتووچۆی سنووردار"ـە و دەشڵێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەقی بڕیارەکان بڵاودەکەینەوە.

د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی سایلۆی هەولێری کرد و سەبارەت بە قەدەخەی هاتووچۆ رایگەیاند، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاری هەولێر لە کاتژمێر 10:00 تاوەکو 12:00 کۆبووەتەوە و تاوتوێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی هەرێمی کوردستان کردووە "چونکە بەداخەوە ئێستا ئێمە لە دۆخێکی ئێجگار  مەترسیدارداین و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو شوێنەکان بڵاوبووەتەوە".

پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریان لەسەرداوە، بە تایبەت قەدەخەی هاتووچۆ گوتی، "لە بڕیارەکاندا هەوڵمانداوە لەنێوان دۆخی تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان هاوسەنگیمان دروستکردووە و قەدەخەیەکی هاتووچۆی سنووردارمان پەیڕەوکردووە".