Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"گۆڕانکاری لە ئیدارەی پارێزگای دھۆک دەکرێت"

دھۆک -KDP.info-  بڕیارە گۆڕانکاری لە ئیدارەی پارێزگای دھۆکدا بکرێت و ژمارەیەک بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتیی سنووری پارێزگای دھۆک بگۆڕدرێن. سەرچاوەیەکیش ئاشکرای کرد، گۆڕینی شەش بەڕێوەبەری گشتی  یەکلا بووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارێزگای دھۆکیش دەگرێتەوە و بڕیارە ژمارەیەک بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگای دھۆک بگۆڕدرێن، لەوانەش شەش بەڕێوەبەری گشتی یەکلا بوونەتەوە و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی ناوی بەڕێوەبەرە نوێیەکانین."

بە گوتەی سەرچاوەکەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: " پێشتر جێگرێکی پارێزگاری دھۆک گۆڕدراوە و بۆ جێگری دووەمیش کە پشکی برایانی کریستیانە چاوەڕێی ناردنی ناوی کاندیدەکەیان دەکەین بۆ ئەوەی سێ کەس دەستنیشان بکەن و یەکێکیان ببێت بە جێگری پارێزگاری دھۆک."

دەربارەی گۆڕینی بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان و پارێزگاریش، سەرچاوەکە دەڵێت: "ساڵی ڕابردوو ھەندێ گۆڕانکاری کراوە، بەڵام گۆڕینی پارێزگار ھێشتا دیار نییە، ناتوانم بڵێم پارێزگاریش دەگۆڕدرێت یان نا."

ھەرچەندە لەنێو شەقامی دھۆک زۆر ناو بڵاو دەکرێنەوە بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری دھۆک وەربگرن، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی ھیچ ناوێک بۆ پارێزگاری دھۆک یەکلا نەبووەتەوە.

 

قائید میرۆ