Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا

پیران ئەمیر

وەك ئاشکرایە هەتا ئەو ساتەوەختەش هەرێمی کورستان وابەستەی دەوڵەتی عێراقە و بەغداش چەقی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی و ئابووریی عێراقە، لە ڕابردوودا و تەنانەت لە سەروەختی ڕیفراندۆمیشدا سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان جەختیان لەسەر هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا کردووەتەوە و گفتوگۆیان بە تاکە ڕێگەچارەسەری کێشەکان داناوە.

ئێستا کە داعش دەستی بە جموجۆڵ کردووەتەوە و کۆرۆناش شەپۆلی دووەمی هێناوە، سەردان و گفتۆگۆی سیاسییەکان وەستاون و زیاتر گرنگی بە دیداری ئۆنلاین و گفتوگۆی ڤیدیۆ کۆنفرانس دەدرێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی دیالۆگ و چارەسەری کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوی تەحەدییەکانی ئەم قۆناغە سەردانی بەغدای کرد. 

بێگومان سەردانی نێچیرڤان بارزانی لە ساتەوەختێکی گرنگ و چارەنووسساز دایە، وەک باسکرا بوونی هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش و ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و داتەپینی ئابووری ئەو وڵاتانەی نەوت سەرچاوەی سەرەکی ئابووریانە، هەروەها تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێ و دەستێوەردانی سەربازی هەڕەشەی جدین و پێویستییان بە گفتوگۆی ڕووبەڕوو و چارەسەری بەپەلە و هەماهەنگی زیاترە. 

لە لایەکی ترەوە مافە دەستوورییەکانی هەرێم و خاڵی گرنگی گفتوگۆی نێوان سەرۆکی هەرێمە لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان ئەوەش بەپێی بەندی یەکەم لە ماددەی سێیەمی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم دەبێت، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی دەستکەوتی سەردانەکانی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی کە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەنجامی داوە و چەندینجار هەرێمی کوردستانی لە لێواری هەڕەشەی جدی پاراستووە و ئابڵووقەکانی کۆتایی پێهێناوە، دەکرێ بگوترێ ئاسۆی ڕوون و داهاتووی گەش لەو سەردانەدا وەدی دێت و ئەنجامەکەشی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەردەکەون و لەسەر ئاستی کردەیی و پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی خەڵکیش دوای سەردانی وەفدی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕێککەوتن لەسەر مافە داراییەکانی هەرێم بۆ بەغدا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجام دەدرێت، وەردەگرینەوە.

هەر وەك لە رابردووشدا سەلمێنراوە كە كارەكتەری نێچیرڤان بارزانی لەڕووی دیپلۆماسییەتەوە بەهێزە و توانای قەناعەت پێهێنانی بەرامبەری هەیە لەسەر مێزی دانوستاندن و لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەری كێشەكان، نێچیرڤان بارزانیش ئەو كارەكتەرە سیاسییەیە كە پشوودرێژانە سیاسەت دەكات و لە قەیرانەكاندا فاكتەری بەهێزی چارەسەر و لە ئاڵۆزییەكانیشدا رۆڵی بەرچاوی هەیە لە رەخساندنی زەمینە ئاشتەوایی.