Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

باندەکانی میدیای کوردی

بڵند نەورەس

میدیای کوردی بە روکەش کاری میدیایی خۆی دەکات، بەڵام بە شاراوەیی باندێک میدیای کوردی ئاراستە دەکات، ئەم باندە لۆبی بۆ خودی خۆیان دەکەن، لەسەر حسابی حیزبەکان و حکومەت و دامەزراوە میدیاییەکان و خەڵک.

ئەم باندە پێکھاتوون لە کۆمەڵێک میدیاکار و سیاسی و نووسەر، لە رووی ئایدۆلۆژییەوە جیاوازن، بەڵام لە رووی ئامانجەوە سەر بە یەک ستراتیژن ئەویش زاڵبونییانە بەسەر ئاراستە سیاسییەکانی میدیادا.

ئەم باندە لە رووی پابەندبوونی حیزبییەوە ئەندامی سەرجەم حیزبەکانی کوردستانی تێدایە، لە ئەمسەری چەپ بۆ ئەوسەری راست.

کاری ئەم باندە دروستکردنی بەرژەوەندی کەسی و پارێزگارییە لە بەرژەوەندی ئەندامانی ئەم باندە، لە چوارچێوەی ئازادی و کرانەوەی میدیادا زەمینەیان بۆ خۆیان دروستکردووە.

بە دەگمەن دەبینین ئەندامانی ئەم باندە دژی یەکتر قسەبکەن یان بنووسن و وەڵامی یەکتر بدەنەوە، گەر ئەمەشیانکرد، راستەوخۆ باسی یەکتر ناکەن، بەڵکو بە شێوەی بەئاگا ھێنانەوەو وریاکردنەوە وڵامی یەکتر دەدەنەوە...!

خەسڵەتی ئەم باندە ئەوەیە رێگا نادەن کەسی جدی و حەقبێژ گەشە بکەن و رێگرییان لێدەکەن لە دەزگاو دامەزراوەکانیانەوە، لەگەڵ ئەمەشدا ھەموو کەس و نووسەرێکی تریان پێ ھەڵەیەو تەنھا خۆیان پێ راستەو بەرگریش لە یەکتری دەکەن لە ناوەندە جیاوازەکاندا، لە ھەموو پرسێکیشدا قسە دەکەن و بازاڕکردنیش بۆ یەکتری دەکەن و تەنانەت ناوی قەبە قەبەش لە خۆیان دەنێن.

ھەمیشە وا خۆیان نیشان دەدەن کە نەرمن لە بۆچووندا و بانگەشەی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن، بەڵام لە راستیدا مشەخۆری ناکۆکێکانن و لە ھەموو ئاڵۆزی و شپرزەییەکدا ئەمان سودمەندن، ھەموو کات بە پێوانەی خۆیان دۆخەکان دەپێون، نەک بە پێوانەی پێویستی و گرنگی دۆخەکان.

ئەم باندە وا خۆیان نمایش دەکەن کە کاریگەرییان ھەیە بەسەر سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگەوەو توانای ئاراستەکردنی خەڵکیان ھەیە، بە پێی ئەو ھەژموونەی دروستیانکردووە بۆ خۆیان، کەشێکی لەباریان خولقاندووە تا خەڵکی سادەو ئاسایی بکەوێتە ژێر رکێفیانەوە. 

بەشی گەورەی تێکدانی ئارامی کۆمەڵایەتی و لەقکردنی بەھاکان و شکاندنی پیرۆزییە نیشتیمانییەکان دەکەوێتە ئەستۆی ئەم باندە میدیاییە کە بە بەرنامە کاریان لەسەر کردووە بە درێژایی بیست ساڵی رابردوو، بە مەبەستی خزمەتکردنی ئەجندای دەرەکی و لاوازکردنی بەرەی ناوخۆیی.

تەماشایەکی سەرجەم دەزگا مێدیاییەکان بکەن، یان پێداچوونەوە بە بەرنامەو ووتارەکانیاندا بکەن لە ماوەی دوو ھەفتە بۆ مانگێکدا، ھەندێکی کەمیان نەبێت کە پەیوەستن بە پرەنسیپی دەزگاکانیانەوە، ئەوانی تر بە ئاشکرا دەتوانیت ئەندامانی ئەو باندە ببینیت و بناسیت لە دیمانە و نوسین و ووتارەکاندا!

دەزگا فەرمی و ئۆرگانییەکانی حیزبەکان دورترن لە ھەژموونی ئەم باندانەوە، چونکە ئاراستەی سیاسییان ئاشکرایە وەک دەزگای میدیایی حیزبەکان و کار بۆ بەرنامەی حیزبەکانیان دەکەن.