Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی كارەبا بە نووسراوی فەرمی داوایەكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای سەختیی دۆخی ئابووری و تەندروستی، بەڵام هاووڵاتیان تا رادەیەكی باش بە دەم داواكارییەكەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە هاتن بۆ دانەوەی قەرزەكان. دەشڵێ، وەزارەتەكەیان بە نووسراوی فەرمی داوایەكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزەكان.

ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەی رابردوویدا بڕیاری دابوو هەر كەسێك قەرزەكانی ئاو، كارەبا و خانووبەرە بگەڕێنێتەوە، 15% لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت، بەو مەرجەی تا رۆژی 15ی ئەم مانگە قەرزەكە بداتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هاووڵاتیانی كوردستان سەرەڕای سەختیی دۆخی ئابووری و تەندروستی، بە دەم داواكارییەكەی حكوومەتەوە هاتن".

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەشڵێت: "ئەو ماوەیەی كە ئەنجومەنی وەزیران دیاریی كردبوو، زۆر كەم بوو بۆ گێڕانەوەی قەرزەكان، لە بەر دوو هۆكار، یەكەمیان لەبەر رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، دووەمیان لەبەر زۆریی قەرزەكان، كە زیاتر لە یەك تریلیۆن دیناری عێراقییە و لای هاوولاتیان و فەرمانگە حكوومیەكان و سێكتەرەكانی دیكەیە، بۆیە وەزیری كارەبا نووسراوێكی فەرمیی داوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ درێژكردنەوەی ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەكان بە هەمان لێخۆشبوونی 15%ی كۆی گشتیی قەرزەكە".

ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا: "لە ناوەڕۆكی نووسراوەكەدا داوا كراوە كاتەكە تا 19-9-2020 درێژ بكرێتەوە، چاوەڕوانیش دەكرێت لە دوو رۆژی ئایندەدا وەڵامی نووسراوەكە بدرێتەوە".

لای خۆشیەوە، عەجیب محەمەد، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنی دوایین رۆژی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران بوو و لە ئێستادا كاری پێ ناكرێت، تا بە شێوەیەكی فەرمی حكوومەتی هەرێم ماوەی وەرگرتنی قەرزەكە درێژ دەكاتەوە".

 

هێدی كاكەیی