Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەمڕۆ نەخۆشخانەیەكی دیكەی تایبەت بە کۆرۆنا لە دھۆک دەکرێتەوە"

 

دهۆک – KDP.info-  ئەمڕۆ نەخۆشخانەی لالاڤی تایبەت بە کۆرۆنا لە شاری دھۆک دەکرێتەوە و گوتەبێژی تەندروستیی دھۆکیش دەڵێ، لە دھۆک سێ نەخۆشخانە تایبەتن بە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕەوشێ سێ نەخۆشیش ناجێگیرە.

حەمزە ڕەزیکی، گوتەبێژی تەندروستیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نەخۆشخانەی لالاڤ لەلایەن خێرخوازێکەوە لە شاری دھۆک دروست کراوە و دەکەوێنە سنووری ناحیەی فەیدیەی نزیک سەنتەری شاری دھۆک، ئەمە دەبێتە دووەم نەخۆشخانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دھۆک و پێشتریش نەخۆشخانەی کاڤین دروست کراوە."

گوتەبێژی تەندروستیی دھۆک دەشڵێت: "ئێستا ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوونە لە نەخۆشخانەی کاڤین و نەخۆشخانەیەکی حکوومەت چارەسەر دەکرێن و بە کردنەوەی نەخۆشخانەی لالاڤ سێ نەخۆشخانە پێشوازی لە نەخۆش دەکەن."

دەربارەی ڕەوشی تەندروستیی ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دھۆک، ڕەزیکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا ٧١ کەس بەھۆی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەریان بۆ دەکرێت، بە شێوەیەکی گشتی ڕەوشی تەندروستییان جێگیرە، بەڵام سێ نەخۆش ھەن ڕەوشیان لە مەترسیدایە و لەژێر چاودێریی چڕدان."

قائید میرۆ