Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"کاکەییەکان ئاینێک لەبەردەم مەترسیی هەڕەشەدا"

مووسڵ- KDP.info-  جگە لە هەرێمی کوردستان، لە تەواوی خاکی عێراقدا بستێک نییە ببێ بە شوێن و پەناگەیەکی ئارام بۆ ئایینێکی کۆن و ڕەسەن.

کاکەییەکان کێن؟

کاکەیی (یارسان) ئایینێکی کۆنی کوردییە، پێش هەزاران ساڵ لە حەوزی چیاکانی زاگرۆس درێژەی بە مانەوەی خۆی داوە، لە عێراق و کوردستان پێیان دەڵین "کاکەیی"، لە سەرتاسەری عێراق بەپێی هەندی خەمڵاندن نزیکەی 120,000 کەسن.

باوەڕدارانی کاکەیی (یارسان) لە شوێنەکانی ناوەندی پارێزگای کەرکووک و دیالە و نەینەوا و پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای هەولێر و بەغدا و پارێزگای سەلاحددینن.

لەنێوبردنی مەزارگەکان

شوێنە پیرۆزەکانیشان بریتین لە: چەند ئارامگای پیاوچاکان و زیارتگایەک لە گوندەکانی ''هاوار و هاوارە کۆن و دەرەتوێ''ی هەڵەبجەی شەهید و ئارامگای ''ئیمام ئەحمەد'' لە کەرکووک و ئارامگای ''زاوە شاسوار'' لە شاری کفری و ئارامگای باوەمەحمی ناسراو بە ''باوە پڵاوی'' له قەزای خانەقین و ئارامگای ''شاە برایم'' لە بەغدا و پێنج مەزارگە لە دەشتی نەینەوا.

ڕەجەب کاکەیی، گرنگیدەری کاروباری کاکەییەکان دەڵێ، هەر پێنج شوێنە پیرۆزەکە لە لایەن داعشەوە تەقێنرانەوە، دوای ڕزگارکردنی دەشتی نەینەوا لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە خەڵکی کاکەیی شوێنە پیرۆزەکانیان نۆژەن کردنەوە.

"قوربانی جوگرافیا"

کاکەییەکان لەو چوار پاریزگایە هەمیشە دەستیان لەسەر دڵیانە و هەمیشە هەڕەشەی چەکدارەکانی داعشیان لەسەرە، جگە لە جیاوازیی ئایینەکەیان، جوگرافیاکەشیان بووەتە بەڵای سەریان، شارەزایانیش دەڵێن، جگە لە جیاوازیی ئایینیی پێکهاتەکان، جواگرافەکەیان ستەمێکی گەورەی لە پێکهاتەکان کردووە.

هەڕەشەی چەکدارانی داعش بەکۆتا نەهاتووە بۆ سەر ئایین و ئەتنیکەکان، هەر جارێ داعش شوێن پێی خۆی ببینێ گورزیک لە ئایینەکان دەدا، کاکەییەکانیش لەو سنوورەوە بەهۆی بۆشاییی ئەمنی و نەبوونی گرەنتیان هەمیشە نیشانەی چەکدارەکانن.

گۆڕینی دیمۆگرافیا

کاکەییەکان جگە لەوەی هەڕەشەیەکی جددییان لەسەرە، ئێستا ناوچەکانیان ڕووبەڕووی گۆڕینی دیمۆگرافیا دەبنەوە؛ ڕەجەب کاکەیی، سەرۆکی ڕێکخراوی میترا بۆ گەشەپێدان و ڕۆشنبیریی یارسانەکان دەڵێ: "دوو گوند لە ڕۆژئاوای داقووق، کە داعش داگیری کردبوون، تەواو وێران بوون، دواتر هێزی پێشمەرگەی بە هاوکاریی هیزەکانی هاوپەیمانان ڕزگاریان کردنەوە."

سەرۆکی ڕێکخراوی میترا گوتیشی: "لە دوای ڕووداوەکانی شانزەی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ دانیشتووانی گوندێک نەیانتوانی بگەڕێنەوە، تەنیا ماڵە عەرەبەکان گەڕاونەتەوە و هەندێک زەویی کشتوکاڵیش کە پێشتر ڕژێمی بەعس خاوەنزەوییەکانی تەرحیل کردبوو، دواتر لە دادگای کێشەی موڵکداری گەڕێنرانەوە، بەڵام دووبارە عەرەبەکان بە شێوەیەکی سەیر لە دادگاوە زەوییەکانیان وەرگرتەوە."

ڕەجەب کاکەیی ئاماژەیشی دا: "زیاتر لە چواردە هەزار دۆنم زەوی کە پێشتر تەعریب کرابوو ساڵی 2007 لە دادگای کێشەی موڵکداری یەکلا بووەوە بۆ کاکەییەکان، بەڵام عەرەبەکان دەرناچن، ئەو عەرەبانە لە پرۆسەی تەعریب هاتبوون تا ئێستا ماون، ئێستایش مەترسیی چۆڵبوونی گوندەکانمان هەیە کە دواتر دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی.''

قوربانییەکان

داعش تەنیا ئێزدی و مەسیحیی نەکردنە قوربانی، بگرە کاکەییەکانیش کرانە قوربانیی ئامانجەکانی داعش، ڕەجەب دەڵێ: "له سەرەتای هاتنی داعش 42 کەس بوونەتە قوربانی، 11 کەسیش بێسەروشوێنن."

کاکەییەکان هاوشێوەی ئایینەکانی تر دوای نەمانی داعش هێشتا دڵیان خۆش نەبووە، ڕەجەب کاکەیی دەڵێ: "بێگومان هەڕەشەکان لەسەر کاکەیی و بە ئامانجکردنیان لەلایەن گرووپە توندڕەوەکان و (داعش)ەوە و، لەلایەن گرووپە مەزهەبگەرا شیعەکانەوە بەردەوامن."

 

کاروان باعەدری