Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیاری حوسێن: داوا كراوە پێشمەرگە ئۆپەراسیۆن دژی داعش لە كەركووك ئەنجام بدات

كەركووك-KDP.info- چەند رۆژێكە حكوومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنێكی لە دەوروبەری كەركووك دژی چەكدارانی داعش دەست پێكردووە، بەرپرسێكی كەركووكیش ئاشكرای كرد، داوا كراوە پێشمەرگەش لەمەودوا لە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعش بەشدار بێت.

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی سەركرایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی عێراق و ھێزە عێراقییەكان بەو ئۆپەراسیۆنەی لە ئێستادا لە دەوروبەری كەركووك بەڕێوە دەچێت، ناتوانن داعش لەناو ببەن، چونكە ئەگەر ھێزی پێشمەرگەیان لەگەڵ نەبێت، ھێزە عێراقییەكان توانای كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی ئەمنیی كەركووكیان نییە".

پەیوەست بە بەشداریی ھێزی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەرپرسەكەی پارتی گوتی: "قسە كراوە و دانوستان دەستی پێكردووە، بۆ ئەوەی لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعش، ھێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بەشدار بێت".

حوسێن جەختیشی كردەوە: "ھێزی پێشمەرگە ئامادەیە لە ھەر شوێنێك دەستی خۆی لە تیرۆریستانی داعش بوەشێنێ، بەڵام ئەگەر پێشمەرگە لە سنووری كەركووك بەشداریی ئۆپەراسیۆن بكات، ئەوە دەبێت بگەڕێتەوە ئەو سنوورانەی پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر لێی جێگیر بوو، بە پێچەوانەوە پێشمەرگە بەشداری نەكات".

 

قائید میرۆ