Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارەكەی حكوومەت لە سبەیەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی پانزە لە سەدی بۆ قەرزەكانی عەقاری و ئاو و كارەبا دەركرد، لە ئێستادا فەرمانگەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران.

ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتیی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم و گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێم لە سبەی یەكشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە داواكارین هاووڵاتیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا بكەن و لە چوارچێوەی بڕیارەكانیشدا بڕی 15% لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت".

لەبارەی قەرزەكانی سەر كەرتی كارەباشەوە، دەڵێت: "بە گشتی لە هەرێمی كوردستان بە هەموو هاوبەشەكان زیاتر لە یەك ملیار دۆلار قەرزاری حكوومەتن، كە دەكاتە نزیكەی یەك تریلیۆن و 200 ملیار دیناری عێراقی".

ئەحمەد راشیگەیاند: "ماوەكە تا 15ی شەش كاتێكی كەمە، بۆیە ڕەنگە ئەگەر پابەندبوونی خەڵك زۆر بێت بە پێدانی پارە، ئەوە لە داهاتوودا لە رێگای وەزیرەوە داوای درێژكردنەوەی ماوەكە دەكەین". 

لای خۆشیەوە، عەجیب محەمەد، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی هەولێر / یەك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی دەوامی فەرمی دەست پێدەكاتەوە، لەگەڵ گەیشتنی بڕیارەكەش بە شێوەیەكی فەرمی، دەست بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكەین".

دەشڵێت، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیی بانكی خانووبەرەی هەولێر یەك، بە گشتی هاووڵاتیان 191 ملیار دیناری حكوومەتیان لایە.

 

هێدی كاكەیی