Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کرمانج عەبدوڵڵا: سێ ناوچەی قەزای مەخموور بوونەتە ھێلانەی داعش

مەخموور- KDP.info -  ھاوکات لەگەڵ ئۆپەڕاسیۆنی ھێزەکانی عێراق بۆ دەوروبەری کەرکووک، دوێنی لە سنووری قەزای مەخمووریش ئۆپەڕاسیۆنێک بۆ لەنێوبردنی چەکدارانی داعش بەڕێوە چوو، بەرپرسێکی کوردیش لە مەخموور بەدووری دەزانێ داعش لە مەخموور کۆتاییی بێت.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی قەرەچۆغی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ناوچانەی لە سنووری قەزای مەخموور داعشی تێدایە پێک ھاتوون لە سنووری ناحیەی قەراج و گوندەکانی ھاوسنوور لەگەڵ ناحیەی سەرگەڕان و نێوان مەخموور و شەرگات، بە شێوەی پارتیزانی لە دەڤەری مەخموور ھاتوچۆ دەکەن و مەفرزەی چەکدارانی داعش لە سێ تا ١٠ چەکدار پێک ھاتووە."

دەربارەی ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی عێراق بۆ لەنێوبردنی داعشەکانی مەخموور بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "ڕاستە ئەوان دوێنێ ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کێوماڵکردنی دەڤەری مەخموور دەست پێ کردبوو، ھاوپەیمانانیش لە ئاسمانەوە بوردوومانی پێگەکانی داعشیان دەکرد، بەڵام زیانی داعش نازانین و دوو چەکداری عێراقیش کوژراون."

کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "ھێزەکانی عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردن و لەنێوبردنی داعشەکانی مەخمووریان نییە، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ساڵی ١٩٦٣ عەرەبێکی زۆری ھاوردەی مەخموور کراوە و ئەوانەیشی لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق دەرکرابوون گەڕاونەتەوە، ئەو عەرەبە ھاوردانە لەگەڵ داعش دەستیان تێکەڵ کردووە و بە ڕۆژ کاری خۆیان دەکەن و بە شەو چەکداری داعشن، لەبەر ئەوەش، زۆر زەحمەتە چەکداری داعش و خەڵکی سڤیل  جیا بکرێنەوە."

 

قائید میرۆ