Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/2 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد. 

لە دیدارەکەدا کە ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کرا.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئاماژەی بە گرنگیی دایەلۆگی ستراتیجی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق کرد، کە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت و هەرێمی کوردستانیش تێێدا بەشدار دەبێت. گوتیشی ئێمە هەموو هەوڵێک بۆ یارمەتیدانی عێراق  و هەرێمی کوردستان دەدەین ، بەتایبەتیش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئابوورییە سەختەی بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە هاتووەتە ئاراوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان کردەوە لە دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا بە شێوەیەک کە ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی گشتی تەواوی پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.