Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"منداڵانی ئێزدی لە مەیدانی جەنگەوە بۆ ژیانی قورسی کەمپەکان"

دهۆک- KDP.info - فەلاح حەسەن، منداڵێکی ئێزدیی تەمەن ١٣ ساڵی ڕزگاربوو لە دەستی داعش هێشتا خەونی گەورەی هەبوو، بەڵام داعش ژیانی لێ تێک دا.

فەلاح خەڵکی گوندی کۆچۆی باشووری سەنتەری شنگالە و هێشتا تیر باوەشی دایک و باوکی ئەزموون نەکردبوو کە لەگەڵ خێزانەکەی لە ١٥ی ٨ی ٢٠١٤ لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال کەوتە دەست ئەو گرووپە تیرۆریستییە.

سەربازگەکانی داعش

فەلاح هێشتا تینووی ژیان بوو، دەڵێ: "دەمەویست لەگەڵ خێزانی خۆم بم، بەڵام کاتیک داعش منی ڕفاند و گواسترامەوە چەند شوێن، لە تلەعفەرەوە بۆ ڕەقە و مووسڵ و مەشقی سەربازی لەسەر دەستی ئەمیرەکانی داعش."

''هەموو جۆرێکی چەک و تەقینەوەیان فێر کردم و لە چەندین شەڕیشدا پشکدارییان پێ کردم و ئاینگۆڕینیان بەسەرمدا سەپاند." فەلاح وا دەڵێ.

فەلاح بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "داعش بە ئێمەیان گوت ئەگەر ئێوە نەجەنگن دەتانکوژین، ئێمە کراینە کوێلە، کاری داعشەکانمان دەکرد."

هاتن بۆ ژیانی کەمپەکان

''کاتێک کەوتمە دەست داعش گوتم تەواو ژیانم بەکۆتا هات، بەڵام خۆشبەختانە ڕزگار بووین، گوتم ژیانم خۆش دەبێ، بەڵام واش دەرنەچوو، ئێستاش لەنێو کەمپەکانداین و بە سەرما و گەرمای زستان و هاوین لەژێر ڕەحمی ئەم خیوەتەداین.''

لە کەمپەکاندا ئازارەکان زیاتر بوون، چونکە تا ئێستا بەشێکی زۆری خیزانەکەی لە دەست داعشدان، ئەو دەڵێ: "هەموو ئاواتم ڕزگارکردنی خیزانەکەمە."

گوتیشی: "دەمەوێ ژیان لەگەڵ دایک و باوکم بەڕێ بکەم و هیوادارم هەموو ڕفێنراوانی تر ڕزگار بکرێن."

منداڵانی ڕفێنراو

بەپێی دواین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدییان لە پارێزگای دهۆک، لە کاتی هاتنی داعش ٦٤١٧ کەس کەوتنە دەست داعش، لەوانەش ٣٥٤٨ کەس لە ڕەگەزی نێر بوون و ٢٨٦٩ لە ڕەگەزی مێ بوون.

بەپێی ئامارەکە کە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردراوە، تا ئێستا ٣٥٣٠ کەس لە دەست داعش ڕزگار کراون، لەو ڕزگارکراوانە ١٩٩٢ کەسیان منداڵن .

هەر لە ئامارەکەدا هاتووە، ٢٨٨٧ کەس لە دەست داعشدا ماون.

زیانی گەورە

منداڵانی ئێزدی پشکی گەورەی زیانیان بەر کەوت، لە کۆمەڵکوژیی ئێزدیاندا لە شنگال ٢٧٤٥ منداڵی ''بێ باوک، بێ دایک، بێ دایک و باوک'' ماون؛ لەوانە ١٧٥٩ منداڵی بێ باوک، ٤٠٧ منداڵی بێ دایک، ٣٥٩ منداڵی بێ دایک و باوک و، ٢٢٠ منداڵیش تا ئێستا دایک و باوکیان لە دەست داعشدان.

حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی دەڵێ، بە هەموو توانایەکیانەوە هەوڵی ڕزگارکردنی ڕفێنراوان دەدەن و لەنێویشیاندا منداڵان، چونکە زیانی گەورە بەر منداڵان کەوتووە .

قائیدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی تر و، ئەوەش ڕاستە کە منداڵان دوای ڕزگارکردنیان وەک پێویست هاوکارییان نەکراوە."

کاروان باعەدری