Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زیرەک کەمال: ئەوەی دژی چاکسازییە دژی خۆیەتی

هەولێر – KDP.info -  بڕیارە لە مانگی ٧ی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان بکەوێتە بواری جێبەجێکردن و ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش پێی وایە، ھەرکەس و لایەنێک دژی پڕۆژەی چاکسازی بێت ئەوە دژی خۆیەتی.

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی چاکسازی لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە داڕێژراوە و دواتر بە کۆمەڵێک فلتەردا تێپەڕیوە و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە، لە پەرلەمانیش دانوستانی زۆری لەسەر کراوە، خاڵی گرنگی چاکسازی لەوەدایە ھەموومان ددان بەوەدا دەنێین لە ھەرێمی کوردستان کەموکووڕی ھەیە، لە بواری ئیداری و سیاسی و ھەموو بوارەکان، من چاکسازی و ددانپێدانی بە خاڵێکی باشی دەبینم.''

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت: "من ناڵێم چاکسازی گەندەڵی بنەبڕ دەکات و ھەموو شتەکان دێنێتە سەر سکەی خۆی، بەڵام لەگەل ئەوەشدا ھەوڵێکی گرینگ و بەرچاویشە بۆ ئەوەی وردە وردە کار لەسەر ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی بەردەم ڕێڕەوی پێشکەوتن و ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن لاببرێن، بزانن لە کوێ زیادەخەرجی کراوە و لە کوێ ھەندێ بڕیار دراون کە نەدەبوو بدرێن و لە کوێش پێویستە کاری لەسەر بکرێت و ئەنجام بدرێت."

کەمال جەختی کردەوە: "ھەرکەسێک دژی پڕۆژەی چاکسازی بێت ئەوە بێگومان دژی خۆیەتی، چونکە پڕۆژەی چاکسازی لە پەرلەمان پەسەند کراوە و زۆربەی لایەنەکانیش تێیدا بوونە، ھەموو لایەنەکانیش ئامادەییی خۆیان پێشان داوە بۆ چاکسازی."

زیرەک کەمال پێی وایە: "ھەر لایەنێک دژی چاکسازی بێت ئەوە دژی خۆیەتی و ئیرادەیەکی گشتی پەیدا بووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، لە دوای ڕاپەڕین و گواستنەوەی شەرعیەتی سیاسی و شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی لەنێو ئەدەبیاتی ھەموو لایەنە سیاسییەکاندا باس لە چاکسازی دەکرێت، چاکسازی ڕیفۆرمە و پڕۆسەیەکی گرینگە و ناکرێت ھیچ لایەنێک دژی بێت.

قائید میرۆ