Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارێزگای ھەولێری پارتی وه‌ڵامی تویته‌كه‌ی هادی عه‌لی ده‌داته‌وه‌

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارێزگای ھەولێری پارتی وه‌ڵامی تویته‌كه‌ی هادی عه‌لی ده‌داته‌وه‌، ده‌ڵێت: ھەرێمی کوردستان بە شاھێدی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، نمونەیەکی سەرکەوتووی رێکار و رێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنابووە لە ناوچەکەدا.

وەڵامێک بۆ تویتەکەی ھادی عەلی

لەچەندی رۆژی رابردوو ھادی عەلی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە بارەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە لە تویتێکدا دەڵێ، گویە "رێکارەکانی خۆپارێزی کۆڕۆنا بۆ رێگرتنە لە خۆپیشاندان"!

ئێمە دەڵێین کاک ھادی عەلی کاتێ سود لە تویتەر وەردەگری بۆ پۆست کردن، ھەر لەوێشەوە بەدواداچونێکت کردبووایە و زانیاری دروست و پشتڕاستکراوەت وەردەگرت لەبارەی ئەو پەتا جیھانیەوە و، باشتربوو ئەو راستییەت بە ھاووڵاتیان گوتبا کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھاندا پەتای کۆڕۆنا تەواو بابەتێکی زانستییە و، بە حزبەکانی حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆنیشەوە پشتی حکوومەت دەگرن تا ھاووڵاتیانیان پارێزراو بن و نەکراوەتە پرسێکی سیاسی!

ھەرێمی کوردستان بە شاھێدی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، نمونەیەکی سەرکەوتووی رێکار و رێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنابووە لە ناوچەکەدا، رای گشتیش لەوە ھۆشیارترە کە بابەتی کۆڕۆنا وەک ئەوەی جەنابت دەیڵێی تێکەڵ بە خواستێکی سیاسی بکات کە مەبەست لێی تەحریک و  بەلاڕێدا بردنی پرسێکی تەندروستییە بۆ خواستێکی سیاسی.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارێزگای ھەولێری
پارتی دیموکراتی کوردستان