Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەم هەفتەیە پڕۆسەی تاپۆكردنی یەكاكانی نیشتەجێبوون دەست پێدەكات

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پڕۆسەی تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە كەرتی وەبەرھێنان بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، بەڕێوەبەری یاسایی و كارگێڕی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش دەڵێ، بە تاپۆكردنیان چەندین كێشە چارەسەر دەكرێن.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری یاسایی لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیاری تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە كەرتی وەبەرھێنان ئەم هەفتەیە دەچێتە واری جێبەجێكردن و ساڵانی رابردوو ژمارەیەك بڕیار لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان بۆ تاپۆكردنی یەكەكان دەرچوونە، بەڵام جێبەجێكردنیان دواكەوتووە، ھۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كات پێویستە بۆ ئەوەی بڕیارەكان بخرێنە واری جێبەجێكردنەوە".

بەڕێوەبەری یاسایی لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان دەڵێت: "بەشێك لەو زەوییانەی یەكەی نیشتەجێبوونیان لەسەر دروست كراون، زەویی كشتوكاڵین و بەشێكی دیكەشیان پەیوەستن بە شارەوانییەوە، ئێستا بڕیاری حكوومەت ئەوەیە، پێویستە لیژنەكان كارا بكرێنەوە و دوای كوژاندنەوەی زەوییەكان، دەخرێنە سەر ناوی وەبەرھێنەر وەك سەنەد لە تاپۆ و دواتر دەخرێنە سەر ناوی كڕیاران".

سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون، سوودێكی یەكجار زۆری ھەیە بۆ ھاووڵاتیان، چونكە پێشتر لەبەر ئەوەی یەكەكان تاپۆ نەكراون، چەندین كێشەی كۆمەڵایەتیی لێ كەوتووتەوە، بۆ نموونە لە یەك كاتدا وەبەرھێنەر یەك خانووی بە چەند كەسێك فرۆشتووە، بەڵام ئەگەر تاپۆ بكرێن، ئەو كێشانە بنبڕ دەكرێن و نامێنن".

 

قائید میرۆ