Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیندار زێباری: راپۆرتەکانی هیومان رایتس وۆچ بێلایەن نین، سیاسین

هەولێر-KDP.info- دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌ڵامی راپۆرتێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانی له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ی دهۆك ده‌داته‌وه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌‌، هیومان رایتس وۆچ له دوایین راپۆرتییدا پشتی بە لێدوان و وتەی چەند سەرچاوەی باوەڕ پێنەکراو بەستووە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا دیندار زێباری ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، رۆژی 19/5/2020 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بە ناوی (دەسەڵاتی کوردی پەنا بۆ داپڵۆسینی خۆپیشاندانەکان دەبات) بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا باس لەو خۆپیشاندانە دەکات کە رۆژی 16/5/2020 لە شاری دهۆك ئەنجامدرا.

لەم بارەیه‌وە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: سەبارەت بە دوایین راپۆرتیان ئاشکرایە کە بە شێوەیەکی گشتگیر و بە ئەنقەست نووسراوە، ئەمەش لە شێوەی نووسینی راپۆرتەکە و مانشێتەکەیدا بە ئاشکرا دیارە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستە روو، هیومان رایتس وۆچ داوای هیچ وردەکارییەکی له حکومەتی هەرێم نەکردووه لەبارەی خۆپیشاندانەکه، هەروەها لە راپۆرتەکەدا پشتی بە لێدوان و گوتەی چەند سەرچاوەیه‌كی باوەڕپێنەکراو بەستووە، بۆیە ناکرێت حکومەتێك بە پشت بەستن بە سەرچاوەی نادیار تۆمەتبار بکرێت.

سەبارەت بە هەماهەنگییان لەگەڵ رێکخراوی ناوبراو، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێم بریتییە لە هەماهەنگی و هاوکاری کردن لە بابەتی پێدان و ئاڵۆگۆڕی زانیاری، لەم رووەوە لە ماوەی رابردوودا ئاسانکاری تەواو بۆ رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ کراوە لە هەرێمی کوردستان، هەمیشەش وەڵامی تێبیینی و سەرنجەکانمان داوەتەوە.

دووپاتیشی كرده‌وه‌: راپۆرتەکانی رێکخراوی ناوبراو بێلایەن نین، سیاسین و لە رێگه‌ی راپۆرتەکانیانه‌وه‌ نیازی ئەوەیان هەیە راستیەکان بشێوێنێن و هەوڵی ناوزڕاندن بدەن. لەم راپۆرتەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چەند شوێنێك بەراورد دەکات کە بە هیچ شێوەیەك هاوکارییان ناکەن و تەنانەت رێگه‌ی کارکردنیشیان پێ نادەن.

گوتیشی: هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات، رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە کوردستان سووککراون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی داناوە و پێویستە هاووڵاتیان پێوەی پابەند بن و ئەو کەسانەش کە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و بە تەحەداوە سووربوون لەسەر ئەنجامدانی گردبوونەوەکە، لە کاتێکدا هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوە. لە چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەیان حاڵەتی تووشبوون به ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنراوە. هەروەها لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە ئەنجامی رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین کەس دەستگیر کراون، کە کۆبوونەوە و گردبوونەوەی پێچەوانەی رێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان ئەنجامدابوو و بەپێی یاسا سزا دراون.

سەبارەت بە داوا رەواکانی خۆپیشاندەران، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ئامانجی حکومەتی هەرێمی كوردستان دابینکردنی خزمەتگۆزارییه‌ بۆ هاووڵاتیان و موچەخۆران، بەڵام ئەو بارودۆخەی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هاتووه‌تە ئاراوە، قەیرانێکی نێودەوڵەتیی درووستکردووە، کە ئێستا هەموو جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت و تایبەت نییە بە شوێنێکی دیاریکراو.