Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عیرفان سلێمان: پێشبینی دەكەین مانگی داھاتوو رێگە بە گەشتیاران بدرێت بۆ توركیا

هەولێر-KDP.info- بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، نزیكەی سێ مانگە ھەموو جۆرە گەشتكردنێك بۆ وڵاتی توركیا و بە پێچەوانەوە راگیراوە، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری سەرزێڕێش دەڵێ: "پێشبینی دەكەین مانگی داھاتوو ھاتوچۆ بكرێتەوە".

عیرفان سلێمان، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری سەرزێڕی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بە ھۆی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی، ھاتوچۆ بۆ توركیا بە بڕیاری فەرمیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راگیراوە و تەنھا ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەیە، لەبەر ئەوەش لەو كاتەوە تا ئێستا لە دەروازەی سەرزێڕێ و ئیبراھیم خەلیل ھاتن و چوون بۆ گەشتیاران راگیراوە".

بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕی دەشڵێت: "بازرگانی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا بەردەوامی ھەیە، ئەویش بەپێی رێكارەكانی خۆپارێزی رۆژانە قەبارەی بازرگانی  وەك پێشوو بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەبرێت".

 لەبارەی كردنەوەی دەروازەكان، بە تایبەت دوای ئەوەی توركیا بڕیاری دا ڤیزا بە گەشتیاران بدات، عیرفان سلێمان روونی كردەوە: "چەندی كۆرۆنا مەترسییەكانی كەمتر ببنەوە، ئاسانكاریی زیاتر دەكرێت بۆ ھاووڵاتیان و گەشتیاران، ئێمەش پێشبینی دەكەین لە مانگی داھاتوودا ھاتوچۆ بۆ وڵاتی توركیا بكرێتەوە".

 

قائید میرۆ