Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەڵامێک بۆ جەمیل بایک و ھاوفکرەکانی...

تەنیا کوردی

جەمیل بایک، لە لێدوانێکی گوماناویدا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ستێرک، لەبارەی کەمپی مەخموور و زینی وەرتێ، کە پێدەچێ وەک جارانی پێشوو تەنگاتاوکرابێ، بە چەند وشەیەکی موخابەراتی و سەرچاوە دیاری پێشوەختە دەیەوێ خەباتی ساختەی خۆیان لە قەندیل لە پەنای دژایەتی کردنی پارتی و گەلی کوردستان بشارنەوە، ئێمە بە بایک دەڵێین، شەرمەزاری ئەوەیە کە لە شوێنی خەباتی خۆت ڕابکەی و، ھەوڵی داگیرکردنی پارچەیەکی ڕزگارکراو بدەی.‎ 

‎شەرمەزاری ئەوەیە هەرێم بە هەموو ئاسانکارییەکەوە بە دامودەزگاکانییەوە، دەرگاکانی بۆ ئاوارەکانی مەخموور کردووەتەوە کەچی ئێوە بێن ئیستغلالی بکەن  و لە هەولێر کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن. شەرمەزاری ئەوەیە کە لەنێو ھەناوی موخەبەراتی ئیقلیمیدا لە قەندیل خۆتان حەشاربدەن و، لەو کاتەی کە گەلی کورد بیەوێ دەستکەوتێکی زیاتر بەدەستبێنێ، ئێوە یەکسەر لە سەنگەری پێشەوەبن بۆ تێکدان و ئاستەنگ دروستکردن، ھەروەک پرۆسەی ئاشتیتان لە تورکیا لە باربرد، لەوێ لە باکوروری کوردستان خەریکبوو کورد بگاتە ئەنجامێکی گرینگ لە خەباتێکی مەدەنی، ئێوە چوون ئەزموونەکەتان لێ تێکدان و پرۆسەکەتان لە باربرد، ئێستا لەوێ رای گشتی کورد تێگەیشتووە کە بۆچی ئەمکارەتان کرد و گوناحی پارتی نییە، کە خەڵکی کوردستان ماسکی لەسەر روخسارتان لاداوە.

شەرمەزاری ئەوەیە کە ئێوە ھێزی ئیقلیمی رادەکێشنە نێو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و، کەچی نەتانتوانیوە تەنانەت لە یەک گوندی باکووری کوردستان شەرعیەتێکی یاسایی بە خەبات یان ھەر دەستکەوتێکی مەدەنی، بەدەست بێنن.

ھەرێمی کوردستان، شوێنی ململانێی جەمسەرە موخابەراتییەکان نییە، کە ئێوە ھەمیشە وەک ئەنتێنێک سیگنال دەدەن بۆ ئەوەی ئارامی خەڵکی کوردستان تێکبچێ، ئێوە بە ناشەرعی مناڵانی کوردتان رفاندون و بە کوشتتان داون.

سەبارەت بە کۆڕۆنا، ئەمە دیارە کە پەتایەکی جیھانییەو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھای خوێنی ھاووڵاتیانی ئەوەندە لاگرینگە کە بەھەموو توانایەک شەڕی کۆرۆنای لەرووی تەندروستی کرد، بەڵی لە روویی سیاسیش تا ھەندێ رەوت نەتوانن لە پەنای کۆڕۆنا بێن کردەی تیرۆری بکەن یان بەقاچاخ بێن جۆرەھا ڤایرۆس کۆپی بکەن، ئەمە ئەرکی حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکان و ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمە کە خاک و خەڵکی کوردستان بپارێزن.. حکومەت لە چوارچێوەی شەرعیەتی یاسایی و لە چوارچێوەی رێکارە تەندروستییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی خەڵکی خۆی لە کۆڕۆنا و، لە تیرۆریستانی وەک داعش و، لە ئیرھابی فکری کە سەرچاوەکەی دیارە لەکوێوە دێ، ھاووڵاتیانی خۆی دەپارێزێ، دەستی ھاوکاری و مرۆیش لە سەرۆکایەتی ھەرێمەوە روونە بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە رووی پێداویستی تەندروستی بۆ شەڕی دژ بە کۆڕۆنا، سەبارەت بە زینی وەرتێ کە شینەکەتان بۆ ئەوێیە، بەڵێ حکوومەت پێشمەرگەی ھەیە و مافێکی شەرعییە ئەگەر پێویست بێ لە قەندیلیش خاک و خەڵکی خۆی بپارێزێ، ئێوەش کە رۆژ لە دوای رۆژ لە پاشەکشەی فکری و سیاسی دان، ئەمە گوناحی پارتی نییە، بەڵکوو ئەمە نەبوونی پرەنسیپێکە لە ئێوە کە ھیچ باوەڕێکتان بە قەزیەی کوردستان و سەربەخۆیی نییە، ئەمە شەرمەزارییە، بۆیە کە خاوەن قەزیە نین ئەمە سروشتی خۆتانە، بەڵام خۆزگە لە ئەنتێنەکانیشتاندا نیشانە نەدەبوون کە خاکی کوردستان و سنوورەکان بەھۆی ئێوە لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمی سەقامگیری تێکبچێ و بخرێنە ژێر ھێرشی فڕۆکە و تۆپبارانەوە.