Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد: گرووپ و باڵ لە ناو پارتیدا نە بوونی هەیە و نە دروستیش دەبێت

هەولێر-KDP.info- مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، دەڵێ: هەندێ حیزب وادەزانن باڵباڵێن نەخۆشییە تا لە خۆیانەوە بیگوازنەوە بۆ پارتی. هاوكات دامەزرێنەری بیرۆكەی لامەركەزییەتیش، بۆ پارتی دەگێڕێتەوە، نموونەش بەو رێككەوتنانەی نێوان پارتی و یەكێتی، ھەرورھا پارتی و گۆڕان دێنێتەوە، كە لە یەكێك لە ماددەكاندا لەسەری رێككەوتوون. لەسەر پێكهاتەكانیش ئاماژە بەوە دەدات، گەرچی لە رووی قەومی و ئایینییەوە جیاواز بن، بەڵام سەدان ساڵە لەگەڵمان دەژین و بە هەموو شێوەیەك پارتی كاری بۆ چەسپاندنی مافەكانیان كردووە و خۆیشیان ئەوە دەزانن، كە هەندێ لایەن كاریان بۆ ئەوە دەكرد، كورسییەكانیان لە پەرلەماندا كەم بكەنەوە و پارتی رێگری لەو هەوڵە كرد.

KDP: بەڕێز كاك مەحموود سەرەتای پرسیارەكەمان بەوە دەست پێدەكەین، كە لێرە و لەوێ باس لە هەبوونی باڵباڵێن لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەكرێت، بە تایبەت ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی دەڵێ، ئەو نەخۆشییەی لە نێو ئێمەدا هەبوو، ئێستا گوازراوەتەوە نێو پارتی. ئایا لە نێو پارتیدا باڵباڵێن هەیە؟

مەحموود محەمەد: حزب كە دروست دەبن، هەندێك تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، ئەو تایبەتمەندیانەش بەشێكیان ئەوانەن، كە دەبنە كۆڵەكەی راگرتنی ئەو حزبە و بەردەوامبوونیان، پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە پارتی لە ساڵی ١٩٤٦ەوە دروست بووە تا ئێستا لە پێشەنگی خەبات بێت بۆ خەڵكی كوردستان، هەروەها ماوەیەكی دوور و درێژ بە تەنیا سەركردایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانی كردووە، دوای ئەوەش لەگەڵ كۆمەڵێك حزبی دیكە لە ساحەكەدا، بەڵام دیسان هەر پێشەنگ بووە و زۆرینەی خەڵكی كوردستان پشتیوانییان لە دید و بۆچوونەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، پارتی نوێنەرایەتیی چین و توێژە جیاجیاكانی خەڵكی كوردستان دەكات، كە بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، هەندێك جار كێشە لە ناو پارتیدا دروست بووە، بەڵام پارتی لە نێو خۆیدا هەرگیز تەحەموولی باڵ و گرووپی نەكردووە، لە ساڵی پەنجاكان كێشە لە ناو پارتیدا دروست بوو و جیابوونەوە لە پارتی، لە ساڵی شەست و سێ و شەست و چوار ئەوانەی خۆیان وەكو باڵێك نیشاندا لە نێو هەناوی پارتی چوونە دەرەوە، كە بوونە كێشەی گەورەش نەك بۆ پارتی، بەڵكو بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستانیش، لەوێشەوە كۆمەڵێ شت دەستی پێكرد، لێرەوە من ئاماژە بە قسەیەكی رەحمەتی مام جەلال تاڵەبانی دەكەم، كە گوتی: "كارێكی باشمان نەكرد، كە لە جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی جیابووینەوە"، ئەوەش قسەی خۆیەتی و لە راگەیاندنەكان بڵاو كرایەوە.

لە ساڵی ١٩٧٩ش كێشەیەك رووی دا، بەڵام دیسان لە ناو پارتی نەبوون و رۆشتن حزبێكیان بۆ خۆیان دروست كرد و كۆتایی بە بابەتەكە هات. پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوخۆیدا تۆكمەیە و مەرجەعێكی هەیە، سەركردایەتییەكی هەیە، پەیڕەوێك و رێبازێكی دیاریكراوی هەیە، كە لێرە و لەوێ باس لەوە دەكرێت، لەوانەیە تەمەننا بێت، كە پارتی وابێت، یا وەكو تۆڵەكردنەوەیەكە. پارتی دیموكراتی كوردستان نە گرووپی تێدایە، نە باڵی تێدایە، نە وجوودیشیان هەیە نە دروستیش دەبێت، پارتی یەكڕیزە و تەبایە لە نێوخۆیدا، بەڵام لەوانەیە لە جۆری بیركردنەوەدا بۆ چارەسەری هەندێك كێشە وەكو تەبیعەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە پێكهاتەكەی پێكهاتەیەكی زۆر بەربڵاوە و هەموو چین و توێژەكانی تێدایە، لەوانەیە جیاوازی هەبێت، بەڵام كە بڕیار دەدرێت، ئەو بڕیارەیە كە پارتی دەیدات، نەك هیچ كەسێك و، هیچ ئۆرگانێك، بە تایبەتی لەم چەند ساڵانەی دواییدا، وەك ئەوەی پێشتر بە ناوی ناوەندی بڕیار دروست بوون، بە ناوی رەگ دروست بوون، بە ناوی رەوا دروست بوون، ئەوانە هیچیان لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بوونی نییە، خەڵكێك ئەگەر قسەی ئەم و ئەو بكات، ئەوە بەهەڵە تێگەیشتووە، چونكە پارتی یەك سیاسەت و یەك بۆچوون و یەك ئاڕاستەی هەیە و یەك شتیش جێبەجێ دەكرێت. بۆیە هەم هەڤاڵانی خۆمان و هەم خەڵكی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە، هەروەها ئەو برادەرانەش كە تەمەننای ئەوەیان هەیە كە بۆخۆی گوتی ئەو دەردەی لە ئێمە هەیە و چووە بۆ ئەوان، نە ئەو دەردە هاتووە بۆ ئێمە، نە لە ئێمەشدا جێی دەبێتەوە.

KDP: تۆمەتی باڵباڵێن بۆ پارتی چ ئامانجێكی لە پشتە، لە كاتێكدا لە نێو حزبەكانی دیكە باڵباڵێن هەیە و كەمترین بڕیار یەكلا دەكرێتەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو رۆڵە باڵایەی هەیە، لە رووی دانوستان و دەستكەوتی نیشتیمانییەوە لەم وڵاتەدا؟

مەحموود محەمەد: ئێمە لە رووی ئۆرگانی و هەیكەلەوە وا دروست بووین، سەرۆك، جێگری سەرۆك، مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگاكان، لقەكانمان، تا دەگاتە ئۆرگانەكانی دیكەی خوارەوە، ئێمە سەرۆكێكمان هەیە، كە سەرۆك مەسعوود بارزانییە، ئەم سەرۆكە دەستەڵاتەكانی ڕوونە، وە تەقەبوولی هەموو ئۆرگان و هەموو كەوادری حزب لە مستەوا جیاجیاكانی حزب، بۆ رەئییەكانی سەرۆك روونە، سەرۆك مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، مەكتەبی سیاسی هەیە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەیە، ئۆرگانەكانی دیكەیشی هەیە، تاكو ئێستا هیچ شتێك لە هیچ ئۆرگانێك نەبووە دەرچووبێت پێچەوانەی ئەو ئاڕاستەیەی، كە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان رەسم كراوە، نەكراوە و نەبووە، چ بە نووسین، چ بە لێدوانی لابەلا، تا خەڵكی هەست بەوە بكەن كە جیاوازی و باڵباڵێن هەیە، نەخێر، ئێمە هەموومان ئەو مەرجەعەمان قبووڵە، تەسەور دەكەین لەم قۆناغەدا سەركەوتنی كوردیش بەوە بەستراوەتەوە، كە ئەو مەرجەعە دەستی هەبێت و قسەی هەبێت لە چارەسەری كێشەكانی كورد و كوردستان.

ئەوەی دەمێنێت، كە بۆ دەیانەوێ وا بكەن، وەك پێشتر گوتم، تەمەننایە، كە پارتی وای لێ بێت، هاوكات حەسوودیشە كە پارتی بۆ وای لێ نایەت، گەرنا پارتی دیموكراتی كوردستان كێشەی تێدا نییە، نە باڵ، نە گرووپ، نە جیاوازی، دووپاتی دەكەمەوە، كە پارتی دروست بووە، تەجاوزی هەموو سنوورێكی پارێزگاكان و زاراوەكانی كردووە، تەجاوزی هەموو چین و توێژەكانی كردووە، ئەوانەش بۆ یەكڕیزی بووە، كە لە ناو كوردستاندا شار و لادێ، خوێندەوار و نەخوێندەوار، لەوپەڕی چەپ تا ئەوپەڕی بەدین لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا جێی هەیە، بۆیە هەندێ جار دەكرێت لە دەربڕیندا جیاوازی هەبێت، ئەوەش مانای باڵباڵێن نییە، كە كاتێ گەیشتە بڕیاردان، ئەوە وەكو پارتیش جێبەجێ دەكرێت، هیچ جیاوازییەكیش لەوەدا نییە، تەسەور دەكەین ئەو قسانە زیاتر بۆ ئەوەیە، ئەوانەی وا دەڵێن، بڵێن كە ئێمە خۆمان چاك كردۆتەوە و نەخۆش بووین و چاك بووینەتەوە، باڵباڵێنمان هەبووە، ئێستا باڵباڵێنمان نەماوە، بەڵام ئەوەش مەرج نییە چووبێتە خەڵكی دیكە، خۆ كڕۆنا نییە خەڵك گرتبێتییەوە، ئەگەر كڕۆنایە و خەڵك گرتبێتییەوە، ئەوە بابەتێكی دیكەیە، ئەوە لە لایەك، لە لایەكی دیكەوە، نێو هەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو نییەتەی تێدا نییە.

KDP: لە كارنامەی سیاسی و خزمەتگوزاریی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاماژە بە لامەركەزی كراوە، بەڵام لەم ماوەیەدا دەبینین یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوای لامەركەزیی ئیداری دەكات، بەڵام لەم قۆناغەدا بە هۆی قەیرانی دارایی و ورووژاندنی وەها پرسێك بۆ پارێزگایە، یا زۆنێك؟

مەحموود محەمەد: لامەركەزییەت، یا شۆڕكردنەوەی دەستەڵات لە ناوەندەوە بۆ پارێزگا و قەزا و ناحییەكان، بەشێك بووە لە فیكری ئێمەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەش پێشینەیەكی هەیە، كە بۆ خودی نێو حزب دەگەڕێتەوە، كە وەك نموونە باسی بكەین، لە دوای كۆنگرەی ١٣ ئێمە تایبەتمەندیی پارێزگاكانمان، دەڤەرەكانمان هەڵسەنگاند، بۆیە بڕیارمان دا، هەر دەڤەرە و بەپێی تایبەتمەندیی خۆی بڕیاریان بۆ بدرێت، نموونە دێنمەوە، هەندێ كێشە و پێداویستی و تایبەتمەندی و ئیهتیمامات لە دهۆك هەیە، مەرج نییە وەك ئەوەی هەولێر بێت، ئەوەی لە سلێمانی هەیە مەرج نییە وەك ئەوەی دهۆك بێت، كەواتە دەبێ ئێمە بەپێی ئەو تایبەتمەندییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، بۆیەشە بڕیاری ئەوەمان دا، كە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگاكان لە حزبدا دروست بكەین، كە تەقریبەن وەك مەكتەبی سیاسیی وایە، دەستەڵاتەكانی لە هەر پارێزگایەك ئەم ئەنجوومەنی سەركردایەتییە بە پێی تایبەتمەندی و پێداویستی و كێشەكانی ئەوێ بەكار بێنێ، هەمیش بڕیاڕی پێویست بۆ ئەوێ بدات، نەك ئێمە لە مەركەزەوە رێچەتەیەك لە سەرەوە بۆ هەمووان بنووسین، كەواتە ئێمە ئەو فیكرەیەمان نوێ نەبووە و لە حزبدا ئەنجاممان داوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ یاسای ژمارە سێ زۆر بە روونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەبوو، دەستەڵات شۆڕ بكرێتەوە، ئێستاش ئەو یاسایە هەیە و بەركارە، بەڵام چەند كراوە، ئەوە بابەتێكی دیكەیە و ئەگەر بێتە سەر ئەوەی كێ كردی و چۆن نەكراوە، ئەوەش وەكو پارتی قسەمان لەسەری هەیە، كێ ویستی بیكات و كێ گەڕاندییەوە!

KDP: واتە رێگری هەبووە لە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە؟

مەحموود محەمەد: بەڵێ بە تەئكید، لەلایەكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان كاتێك لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رێككەوتین و رێككەوتنێكی سیاسیمان واژۆ كرد، لە یەكێ لە ماددەكانی نێو رێككەوتنەكەدا رێككەوتووین لەسەر لامەركەزی و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات لەژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەت، بۆ ئەوەی كە بكرێت، ئەو تایبەتمەندی و پێداویستی و كێشانە لەبەرچاو بگیرێن، كە دەسەڵات هەمووی لە مەركەز نەبێت، ئەوە رێككەوتنی ئێمەیە.

هەروەها ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش، كە كردوومانە، دیسان لەویش لە ماددەیەكدا رێككەوتنمان لەسەر لامەركەزییەت و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات كردووە، ئەگەر لە بیرتان بێت، كاتێك سەرۆكی حكوومەت كارنامەی كابینەكەی خوێندەوە، دیسانەوە لەوێش باس كراوە و جەختی كرردووەتەوە كە لامەركەزییەت و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات، لە ئەولەویەتی كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دەبێت، ئەم كارنامەیەش رێككەوتنی ئەم سێ لایەنەیە، كە پێكهێنەری حكوومەتن، كەواتە ئەم بابەتە شتێكی نوێ نییە.

بەكارهێنانی ئەم دەستەواژە لە زەمەنێكی وادا، لەوانەیە نیگەرانیی لای هەندێ خەڵك دروست كردبێت، كە بۆ دەبێت لەم كاتەدا باس لەوە بكرێت، بەڵام ئەم نیگەرانییەش لە خۆیەوە نەهات، لە بابەتی لامەركەزی و خەڵكێك مدافع و خەڵكێك هەبێ دژی بێت، لە پەنای ئەم لامەركەزییەتە باس لەوە كرا، كە سلێمانی بە بەغداوە ببەسترێتەوە، ئەمە لە ئاستی زۆر بەرزدا باس كراوە و لە راگەیاندندا رەنگی دایەوە، گەیشتە ئاسی ئەندام پەرلەمانەكان باس لەو بابەتە بكەن! باس لەوە بكەن، كە مووچە راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ سلێمانی بێت، هەروەها كۆمەڵێ شتی لەو بابەتە، ئەمانە خەڵكی نیگەران كرد، بەڵام هەر لەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كراون، كە ماددەی لامەركەزییەتی تێدایە، ماددەیەكی دیكەیشی تێدایە، كە یەكپارچەیی خاكی كوردستان بپارێزرێت، لەسەر ئەمەش رێككەوتووین، ماددەیەكی دیكەیشی تێدایە و، لەسەری رێككەوتووین، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكومڕانیی خۆی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بكات، كێشە لەوێدا زیاتر دروست بووە، كە بەشێك لەوانە نایانەوێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان حكومڕانی سەرتاسەری بكات! وە ئاستەنگی بۆ دروست دەكەن، جا ئەوە لە پەنای بابەتی لامەركەزییەتەوە دەردەبڕدرێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە دەسەڵات شۆڕ بكرێتەوە، ئێمەش بۆ ئەو بابەتە هەم فیكرمان ئامادەیە، هەم ئەگەر هاتە سەر ئەوەی دیراسە بكرێت لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرنامەشمان بۆ ئەو بابەت زۆر بە روونی هەیە، هیچ بەربەستێكی فیكری لە نێو پارتی دیموكراتی كورستان بۆ بابەتی شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان نییە، چونكە هەندێ تایبەتمەندیی پارێزگاكان لە رووی ئابووری و سیاسی و كێشەكانیشیانەوە رەنگە جیاوازییان هەبێت، تۆ وەرە لێكی بدەوە، ئەو كێشانەی ئێمە لە سلێمانی هەمانە، هەمان كێشەیە لە هەولێر، یا ئەو كێشانەی هەولێر، هەمان كێشەن كە لە دهۆك ھەن؟ كۆمەڵێك شت هەن بە پێی پێكهاتەكان گۆڕانی بەسەردا دێت، پێكهاتەی دهۆك پێكهاتەیەكە، كە لەوێ كلدان، سریان، ئاشووری هەیە و، باس لە مافەكانی خۆیان دەكەن، سنوورەكانمان لەوێ لەگەڵ توركیا و سووریان، بۆیە جیاوازی لەوێ هەیە، تەبیعەتی جوگرافیایی دهۆك جیاوازە، كەواتە پێویستی بە هەندێ شت هەیە، لە رووی ئاوەدانكردنەوەوە لە هەندێ شوێنی دیكە.

لە هەولێر بە هەمان شێوە و لە سلێمانیش هەروەها كە جیاوازن، ئەگەر باس لە كەركووك بكەین، ئەوا كێشەكانی ئەوێ زۆر جیاوازن لە كێشەكانی دیكەی شوێنەكانی تر، لە هەولێر پێكهاتەی توركمانت هەیە، پێكهاتەی كلدان سریان ئاشووری هەیە، ھەروەھا پێكهاتەی دیكەشت هەیە، كە عەرەبە، ئەگەر مەخموور و و گوێڕ بێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە لێرە پێویستیت بەوە هەیە كە واقیعانە بڕیار بۆ بابەتەكان بدەیت، ئەگەر ئەو لامەركەزییەتەی كە باس دەكرێت، هەوڵ نەبێت لە پەنایدا بۆ ئەوەی نەهێڵن هەرێمی كوردستان حوكمڕانییەكەی لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەرتاسەری بێت، یا نەبێتە كارتێكی گوشاری سیاسی و بەكار بهێندرێت، ئەمە هەردووكی غەڵەتە و نابێ بەكار بهێندرێت و كارێكی باش نییە، ئەوی دیكەیش بۆ چۆنییەتی جێبەجێكردنەكەی پێوستی بە هاوفیكری و بەرنامەیەك و فیكری شارەزایانی دەوڵەتداری هەیە لە نێو هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی كە كاری باش و بنەڕەتی تەرتیب بكرێت، كە سوودی لێوەربگیرێت، نەك ئەوەی لایەنێك لە شوێنێك دەسەڵاتی خۆی ئیحتیفاز پێ بكات و هەموو ئەوەكانی دیكەش رەش بكاتەوە! ئەوەش نە لای ئێمە قبوڵە و وابزانم لای هیچ لایەنێكی سیاسییش قبوڵی وەها شتێك ناكەن، هەروەها جەماوەریش قبوڵی ناكەن!

KDP: ئاماژەت بەوەدا كە رێگری هەبووە لە جێبەجێكردنی لامەركەزی، سەرەڕای ئەو رێككەوتنەی نێوان پارتی و دوو لایەنی بەشدار لە حكوومەت ئاماژەی پێكراوە، دەكرێ بە راشكاوی باس لەوە بكەین كێ بووە ترسی لە جێبەجێكردنی لامەركەزی هەبووە؟

مەحموود محەمەد: ئەگەر راستیت دەوێت، ئەوەی لەم ماوەدا لەسەر لامەركەزییەت گوتراوە، زیاتر ئیعلامییە و بەشێكی زۆریشی چەواشەكارییە، لامەركەزیش دەبێت كۆمەڵێ شارەزای ئیداریی ئەم وڵاتە دابنیشن و بیخەنە چوارچێوەیەكی ئیداریی زانستیانە، نەك ئەوەی بەس لە راگەیاندندا وەكو مانشێت بڵاوی بكەیتەوە و سەرنجی هەندێ خەڵكی پێ رابكێشیت، جگە لەوە، لەوانەیە تمووحاتی هەندێ خەڵكی دەرەوەی كوردستانیش بۆ ئەم بابەتە زیاد بووبێ لەوەی، كە تەسەوور دەكرێ جیاوازی هەیە لە كوردستان لە بابەتی حكومڕانیكردن، بەڵام راستیت دەوێ، ئەمە هەوڵێك بووە زیاتر كە بەرچاومان دەكەوێت، بۆ ئەوەی حكومڕانیی سەرتاسەری كە رێككەوتنمان هەیە لەسەری، جێبەجێ نەكرێت، چونكە هەندێ شت هەن، كە لامەركەزیش بێت، بەڵام دیسان ئەو دەسەڵاتانە هەر هی حكوومەتی هەرێمە، ئەوان بۆ رێگریكردن لەوەی كە، ئەم بابەتانە سەر بگرێت، بەشێكیان ئەم مەسەلەیەیان قیت كردووەتەوە، بەڵام بەشێكیشیان لەوانەیە لە نییەتی باشیان بێت، كە فیعلەن كارە ئیدارییەكان بە شێوەیەكی مونەزەم و چاك بێت و ئەو رۆتینیاتەی نەوێت، خۆ  لامەركەزییەت بۆ ئەوەیە رۆتینیات كەم بكەیتەوە، كە ئەوەت كرد، زۆر شتی باش دەكەیت و خەڵكی ماندوو ناكەیت و زۆر مەسرەفیش كەم دەكەیتەوە، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەین، خۆ ئەگەر لەگەڵی نەبووینایە لە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی، یا لە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، كەس مەجبووری نەكردبووین ئەوە بكەین، یا ساڵی ٢٠٠٩ زۆرینەشمان هەبوو، دەمانتوانی نەهێڵین ببێتە یاسا، بەڵام ئێمە لەگەڵیدا بووین و لەگەڵ جێبەجێكردنێكی یاساییانەی بەرنامە بۆ داڕێژراوین، كە خزمەتی خەڵك بكات، نەك خزمەتی یەك لایەن.

KDP: یەكێك لە سیما جوانەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، كە تێیدا پێكهاتەكان هەن و رۆڵیان لە حكوومەت و پەرلەماندا هەیە، بەڵام بەهۆی دانیشتنێكی پەرلەمان پێكهاتەكان بریندار كران، كە لەگەڵ پارتیدا هاودەنگ بوون بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارێك، بەڵام چەند لایەنێك دەیانەوێت ئەو جوانییە بە ئاقارێكی ناشریندا ببەن، یا ببێتە مایەی دڵهێشانی پێكهاتەكان، بەڕێزتان خوێندنەوەتان بۆ ئەو هێرشانەی كە لە لایەن هەندێ لایەنەوە دەكرێت چییە و چۆن رۆڵی پێكهاتەكان بۆ هەرێمی كوردستان بە گرینگی وێنا دەكەیت؟

مەحموود محەمەد: لە راستیدا ئەو فیكرەیەی لەم چەند رۆژەی دواییدا تەرح كراوە، پاشماوەی ئەو فیكرەیە كە لە عێراقدا هاووڵاتیی دەرەجە یەك و دوو و سێ هەبوو، ئێستاش ئەو پاشماوە فیكرییە لە هەرێمی كوردستاندا لەوێ وەرگیراوە و ماوە، دەبێت لە كوردستاندا هاووڵاتیی دەرەجە یەك و دوو و سێ هەبێت! ئەمەش كارێكی خراپە، توركمان، كلدان سریان ئاشووری كۆچەر نین، ئەمڕۆ لێرەن و سبەینێ بڕۆنە شوێنێكی دیكە، داگیركەر نین و هاتبن ئێرەیان داگیر كردبێت، سەدان ساڵە ئەو خەڵكە لێرە بە یەكەوە دەژین، هەموو هەوڵەكانمان ئەوەیە، كە پێكەوەژیان جوان بكەین و، پێكەوەژیان خۆش بكەین و، پێكەوەش ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرین، لە رووی ژمارەوە مامەڵە نەكەین، چۆن داوامان لە عێراق دەكرد، دەبێت بۆ خۆشمان لێرە وابین، ناكرێت ئێمە نەتەوەیەكی ژێردەستە و ستەملێكراو بووین، ئێستا بێین و ببینە ستەمكار، ئەمەش شتێكی خراپە، بۆیە تەسەور دەكەین كە دەبێت هێشتا فیكرەكان تەسفییە بكەین، كە ئێمە باوەڕمان بە پێكەوەژیانی ئەدیان و مەزاهیب و نەتەوەكان بێت، ئەوەش هەر درووشم نەبێت، كە بووە فیكر، لە كاتی جێبەجێكردندا تووشی كێشە نابین، وە تووشی ئەم هەموو مقۆمقۆیەش نابین، كە ئێستا دروست بووە.

 ئەوی دیكە بابەتی پێكهاتەكان، ئەوان خەڵكی رەسەنی ئەم وڵاتەن و مافیان هەیە، كلدان سریان ئاشوورییەك، توركمانێك، كوردێك، موسوڵمانێك، چ شیعە بێت، یا سوننە، ئێزدییەك، هەموو ئەو خەڵكەی لە كوردستان دەژیێن، دەبێت مافیان وەكو یەك بێت و یەكسان بن بەرانبەر بە یاسا، یاسای هەڵبژاردنی ئێمە داینەناوە، كە دەبێت چەند دەنگ بێنی تاوەكو ببیتە ئەندام پەرلەمان، دیاریشی نەكردووە، كە لێكی جیابكەیتەوە، ئەمە دەسەڵاتی توركمانە، ئەمەش دەسەڵاتی كلدان سریان ئاشوورییە، ئەمە دەسەڵاتی كوردە، زۆر شت باس كرا و زۆر شتی نابەجێش هات، كە نابێ ئەوان تەداخول بكەن لە هەندێ شت كە لە بەینی لایەنی سیاسی و كورددا هەیە! بۆ ئەمانە خەڵكی كوێن؟! ئەمە ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، یا ئەندامی پەرلەمانی كلدان سریان ئاشوورییە؟! یا ئەندامی پەرلەمانی توركمانە؟! ئێرە كوردستانە، كەواتە توركمانێك، كلدان سریان ئاشوورییەك، كوردێك، موسوڵمانێك، مەسیحییەك، شیعەیەك، سوننەیەك، كە لە پەرلەمان بێت، دەنگیان وەكو یەك وایە، زۆرجار گوێمان لێبووە، كە فڵان كەس بە ١٠٠٠ دەنگ دەرچووە، باسی ئەوە ناكەن كە هەندێ ئەندام پەرلەمانی خۆیان هەیە بە ٧٠٠ دەنگ بووەتە ئەندام پەرلەمان لە هەندێ شوێن! لە عێراقیش خەڵك هەیە بە ١٠٠٠ و ١٢٠٠ دەنگ بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو یاسایەی داندراوە، كەوایە یاساییە، بۆ دێیت دەیشكێنی؟! ئەمە لە بەهای پێكەوەژیان كەم دەكاتەوە، ئەمەش رێك ئەوە دەگەیەنێت، كە پێكەوەژیانی دینی و نەتەوەیی و مەزهەبی لای ئەوان فیكر نییە، بەڵكو رواڵەت بووە.

بابەتی دیكەش دێتە گۆڕێ، كە دیموكراسییەتە، كە تۆ باوەڕت بە دیموكراسییەتە، نابێ بەس لە رواڵەتی دیموكراسییەتەكە بڕوانی، دەبێ لات بووبێتە فیكر بۆ چۆنییەتی ئیدارەكردنی وڵاتەكە، گەر بووبێتە فیكر، تۆ بیر لەوە ناكەیتەوە كێ دەنگی زۆری هێناوە و كێ دەنگی كەم، ئێمە دەزانین دەنگی كەم و زۆر دێت، دەكرێت ئەوەی حزبێك بۆ كەسێك دەیكات و دەیفڕینێ بۆ چەند سەد هەزار دەنگێك، بەڵام لە پەنای ئەو كادیرێكی تێكۆشەر، كە لەوانەیە زۆریش ماندوو بووبێت، بە چەند هەزار دەنگێك دەبێتە ئەندامی پەرلەمان، كە ئێمە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر دژی ئەم بابەتە بووین، كە كەسێك لای ئێمە بكرێتە پاڵەوان، ئەوە ئەمەی لێ هاتە دی، كە ئێستا خەڵكێك هەیە دەڵێن ئەوەی دەنگی كەم هێناوە و نابێ بە ئەندازەی كەسێك، كە دەنگی زۆر هێناوە رەئی هەبێت، یا چونكە كە توركمانە، نابێ بە ئەندازەی كوردێك رەئی هەبێت! یان كلدان سریان ئاشوورییە، نابێ بە ئەندازەی كوردێك رەئی هەبێت! ئەمە غەڵەتێكی گەورەیە دەكرێت، من تەسەور دەكەم جگە لەوەی نیگەرانی لای خەڵك دروست كردووە، لە دەرەوەش ئەو بۆچوونە پاشەكشەی كردبێ، كە ئەو پێكەوەژیانەی ئێمە قسەمان بۆ كردووە دیارە بنەمای نییە و راست نییە و تەنیا رووكەشە! بەڵام ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان سەرسەختانە بەرگری لە پێكهاتەكان دەكەین، بەرگری لە مافەكانیان دەكەین، هەروەها پارێزگاری لە پێكەوەژیانی سیاسییانە و یەكترقبوڵكردنی قەومی و دینی و مەزهەبی دەكەین، هەر بۆ زانینتان، كاتێ پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەنووسرا، لە خودی سەرۆك مەسعوود بارزانی و مەكتەبی سیاسییەوە ئیعاز درایە نوێنەرەكانمان كە لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بوون، كە چ شتێك خوشك و برایانمان لە توركمان، لە كلدان سریارن ئاشوور پێیان باشە، ئەوە بنووسرێتەوە لە دەستووری هەرێمی كوردستاندا، تا رادەی ئەوەی ئەگەر حكومی زاتیشیان بوێت، وە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ ئەوەش نەبووە، ئێمە دەبێت پشگیری ئەو بابەتە بین، وەك گوتم، نابێ ئێمەی ستەملێكراو ئێستا ستەمكار بین، خۆ گەر لە رووی ژمارەوە بێت، ئێستا عێراق زیاتر لە ٣٠ ملیۆنە، ئێمەش ٥ بۆ ٦ ملیۆنین، كەواتە دەبێت، هەمان مامەڵەمان لەگەڵ بكەن؟! بۆ داوا دەكەین نابێ بەو شێوە مامەڵەمان لەگەڵدا بكەن، داوای شەراكەت و تەوافوق و تەوازن دەكەین، ئەی بۆ لە كوردستاندا ئەوە نەكەین، خەڵك چیمان پێ دەڵێت؟! ئەمە راستگۆییمان دەگەیەنێت، یا راستگۆیی ئەو خەڵكانەی ئەو قسانە دەكەن، یا باوەڕنەبوونیان و دووڕووییان دەگەیەنێت، بۆیە ئێمە پشتیوانییان دەكەین، زۆریش نیگەرانیان بووین، لەوانەیە ئەوەندەی باسی باڵ و گرووپیان كردووە، هیچ نیگەرانییەكی ئەوتۆمان نەبووبێ، چونكە بنەمای نییە، بەڵام بە بابەتی پێكهاتەكان نیگەران بووین، چونكە دەبینین باس لەوە دەكەن كە بەرەو دواوە بگەڕێینەوە و ئەوەندە ماف نەدرێتە پێكهاتەكان كە لەگەڵ ئێمە هاونیشتیمانن، وەك چۆن لە رابردوودا هەندێ لایەن هەوڵیان دەدا كورسیی پێكهاتەكان كەم بكەنەوە، بەڵام ئەوەی نەیهێشت ئەو كارەیان سەر بگرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئێستاش پێكهاتەكان پێی دەزانن.

KDP: سەرەڕای ئەوەی خەڵكی چاوەڕوانی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بوون، بەڵام دانیشتنەكە بۆ سێیەم جار دواخرا، هۆكارەكان چین؟

مەحموود محەمەد: لە راستیدا چاوەڕوان بووین كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت، هەر سێ جاری پێشوویش برایانی یەكێتی داوای دواخستنیان كرد، لە داوای دواخستنی دوا كۆبوونەوەش، ئەوەی كە پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، ئاماژەی بە كێشەی پەرلەمان نەدا، گوتی كە پێویستمان بە كۆبوونەوەیە، پێمان باشە بۆ ماوەیەك كۆبوونەوەی هاوبەشمان دوا بكەوێت، دوای كۆبوونەوەی خۆمان، ئەوكات كۆدەبینەوە، دیار بوو دواتر بەستیانەوە بەو بابەتەوە.

پەرلەمان لێدەگەڕێین بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتارەكان چۆن قسەی لەسەر دەكەن، چ لە رووی یاسایی، یا پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان چۆن چارەی دەكەن، چۆن بەیەكەوە سەرقاڵن و دانیشتن دەكەن، ئەوە كاری ئەوانە و با بۆ ئەوان بێت.

لە رووی سیاسییەوە، ئێمە دەمانەوێت لە كوردستاندا ئارامی بۆ خەڵكی بەرقەرار بكەین و نیگەران نەبن، كاتێ باس لە حكومڕانی سەرتاسەری كوردستان دەكەین، دەبێ ئەوەمان قبوڵ بێ، كە هەڵبژاردنێكمان كردووە، لەو هەڵبژاردنەش بێگومان پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی دەنگی خەڵكی هێناوە، كە زۆرینەشی هێناوە، دەبێ زۆرینەی جومگەكانی ئەم وڵاتەشی لە دەستدا بێت، ئەمە كەسێك نییە بیداتە ئێمە، ئەگەر بێت و بەربەستێكیش بۆ ئەم بابەت دروست بكرێت، بێگومان دەگەڕێینەوە و دەڵێین ئەوانەی بەربەست دروست دەكەن، باوەڕیان بە دیموكراسییەت نییە، دیسان لەگەڵ خۆفەرزكردنن، لەگەڵ ئەوەن بۆ هەر كێشەیەك بە جۆرێك لە جۆرەكان چ بە هێرشی راگەیاندن بێ، یا هەندێ جار هەڕەشەی تێدا بەدی دەكرێت، ئەمە نە باشە و نە خزمەتی هیچ لایەنێك دەكات و نە پارتیش پێی قبوڵ دەكرێت و نە خەڵكی كوردستانیش موستەحەقی ئەوەیە، كە ئەوەندە ئازار بدرێت، باشە كە ئێمە ئیش لەسەر رەواندنەوەی نیگەرانی بكەین و نەهێڵین چیتر خەڵكی ئەوەندە نیگەران بن، نیگەرانییەكانیش كاتێك كە دروست دەبن، كاریگەرییان لەسەر بواری ئابووری هەیە، خۆشتان ئاگادارن كە بارودۆخی ئابووری باش نییە، لەبەر ئەوەی كۆمەڵێك هۆكار هەن، كە ئێستا شوێنی باسكردنی نییە، لەباتی ئەوەی ئێمە بە هەموومانەوە توانای خۆمان سەرف بكەین، بۆ ئەوەی چۆن بەرگەی ئەم بابەتە بگرین و هەوڵی چارەكردنی كێشەكان لەبارەی ئابوورییەوە بدەین، خەریكە بابەتە ئابوورییەكە دەبێتە شتێك، بەڵام لە پەنای ئەوەوە هەوڵێك هەیە بۆ فەرزی شتێكی دیكە و دەبێتە بابەتێكی تر، ئەمەش خراپە و باش نییە، پێویستە هەموو لایەن و پێكهاتەكان لە رووی نەتەوەیی و ئایینییەوە لە كوردستان تواناكانمان بەكار بێنین، هەر یەكە بە پێی توانای خۆی، یان پێكەوە بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری ئەم بابەتە بكەین و رێگایەك دابنێین، كە لەوە زیاتر زەخت نەكەوێتە سەر هاووڵاتیان، لەم كاتە هەستیارەدا، تەنیا ئەمە كاری لایەنەكانە، ئەم هەستیارییەش نە حزبێك نە شەخسێك دروستی نەكردووە، ئەوەی كە دروستی كردووە، كۆمەڵێك هۆكارن، یەكێكیان ئەم پەتای كۆڕۆنایەیە و، یەكێكیشیان داڕووخانی نرخی نەوتە، ئەم  داڕووخانەش بەس لە كوردستان نییە، لە عێراق و وڵاتانی دیكەش هەیە، كە چەندین وڵات هەن بە ملیارەها دۆلار زیانیان بەركەوتووە و كێشە بۆ چەندین بابەتیان دروست بووە.

 ئێمە چۆن بتوانین بەرگەی ئەمە بگرین، دەبێ پێكەوە ئەم كارە بكەین، نەك ئەوەی لەم دەرفەتەدا ببیتە ئۆپۆزسیۆن، كە لە نێو پێكهاتەی حكوومەتدا بیت و حكوومەتت پێكهێناوە، بەڵام دەبیتە ئۆپۆسیۆن داخۆ چوار دەنگ زیاد دەكەیت، یا قورسایی ئەم بارودۆخە لەسەر شانی خۆت لاببەیت و بیخەیتە سەر لایەنێكی دیكە، ئەمەش تەنیا شان خاڵیكردن و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی.

 

دیمانە: بەڕێوەبەری نووسین