Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەباتی كورد لە پێناو پاراستنی شوناس وخاك بووە

رێبوار حەمەلاو شوانی

پێشەكی خۆشەویستی نیشتمان حاڵەتێكی ڕۆحی و ویژدانیە، پەیوەندی تاك و نیشتمان هێندە قوڵ و ڕیشەدارە ئاسان نییە پێناسەیەكی دیاریكراوی بۆ بكەین، ئەوەی شارەزایانی ڕامیاری و جوگرافی پێناسیان كردووە كە نیشتمان بریتیە لە: پارچە زەویەك سنوورێكی دیاریكراوی هەبێت و گەلێكی لەسەر دەژی... تەنها ڕوخسارێكی مادی نیشتمانە. قوربانیدان بۆ نیشتمان سنووری نییە، ڕۆڵەی بەئەمەك كات و ماڵ و گیان لەپێناو سەربەستی و سەروەری نیشتماندا بەشانازییەوە پێشكەش دەكات. لێرەوەیە كورد دڵسۆزترین و فیداكارترین ڕۆڵەی نیشتمانی ناوناوە پێشمەرگە. مێژووی ڕابردووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كورد باشترین شاهید و گەواهیدەرە..

هەموو ئەو وڵاتانەی دوای پەیمانی سایكس پیكۆ بە پێی بەرژوەندی زڵهێزان و بە شێوەیەكی زۆر زاڵمانە، خاكی كوردستانیان پێوە لكێنران و بە سەر چوار وڵاتدا كوردیان دوور لە ویستی خۆی بەسەر دابەشكرا، ئامانج تێیاندا، وونكردنی شوناس و بوونی قەیران و جەنگ و ناكۆكیی سیاسی و كۆمەڵایەتیی بەردەوامە كە تا بە ئەمرۆ بەردەوامی هەیە. بەڵام ئیتر دوای سەد ساڵ لەو داگیركاری و دابەشكارییە، ئیتر بابەتەكان شاراوە نامێننەوە و خاوەن خاك و مافەكان بەدوای بوون و گەڕانەوەی خاك و نیشتیمانی بە زۆر لێكنراو و داگیركراویان دەگەرێن لە چوارچێوەی چوار دەوڵاتی دیكتاتۆر و خۆسەپێندا.

بۆ ئێمەی گەلی كورد، كە خاوەن شوناس، مێژووییەكی پر سەوەری وشانازی و ڕەسەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین، قورس و دژوار بووە مانەوە لە چوارچێوەی وڵاتێكی دەستكرد كە نەك تەنها هەوڵی ژێر دەستكردن و پاشكۆكردنی داوە، بەڵكو لە هەمانكاتیشدا، تا بە ئەمرۆ هەوڵی برسیكردن و لاوازكردنیشمان دەدات. ئێمە خاوەن ناسنامەی خۆمانین كە ئەویش كوردستانییە، چونكە شوناس واتا هەستكردنە بە شكۆ و شانازی دەروونی، ئەوە نە بابەتی پارە و كالای مادیی ژیانە، كە لەلایەن دەسەڵات و حكومەتەكانەوە بە گەلێك ببەخشرێ، بەلكوو پرسێكی تایبەت و خۆڕسكی هەیە، خوابەخشە بە هەموو نەتەوە و گەلان. كە دەبێ لە خۆتەوە بۆ خۆت بێ. بۆیە ئەم پرسە نە سەركوت دەكرێ و نە لە گرتووخانە رادەگیرێ و نەبە دانوستانی سیاسی و هودنەی كاتی چارەسەردەكرێ، بەڵكوو گەوهەرێكی دەروونی مرۆڤە و دەبێ سەربەخۆیی خۆی وەربگرێ و خۆی شانازی بەخۆیەوە بكات .

شۆرش وتێكۆشانەكانی دوێنی و ئەمرۆمان لە پێناو پاراستنی شوناس و بەرگریكردن لە مافە رەواكانمان و گەرٍانەوەی خاك و نیتشیمانمان بووە و لەو پێناوەشدا، قوربانیی زۆرمان بۆ بەخشییووە و دەبەخشین. هەموو نەتەوەیەك بە مێژوو، زمان، كەلتوور و جوگرافیاكەی دەناسرێت، ئێمەى كوردیش خاوەنی هەموو ئەو رەسەنایەتییەین كه‌ دەبێتە رێبازی شۆڕش و سەرهەڵدانی سەربەخۆخوازی گەلان و، دەولەتانی داگیركەر رووبەڕووی چالنجێكی نوێی تازەبابەت دەكاتەوە، كە بە زەبرووزەنگ و گرتن و تۆقاندن رێگری لێناكرێ و چارەسەری تازەبابەت داخوازێ.  

گەلی كورد، زۆر تێكۆشا و خەباتی كورد، بە ئاشتیانە و گفتگۆ، مافەرەواكانی لە گەڵ گشت رژێمە یەك لەدوای یەكەكان مسۆگەر بكات، متمانە دروست بكات، وەك هاوڵاتییەكی پلە یەك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. بەڵام وەك ئەوەی دوێنی، ئەمرۆ دەبینرێت، عێراقێك كە خاوەن هیچ شوناس و بنەمایەك نەبێ‌ و هەموو چەمك و ئیمكاناتی ژیان و سیاسەتكردن و بەڕێوەبردن لە لایەن عەرەب قۆرخكراو دەستی بەسەرداگیرا. لەجیاتی ئەوەی گرێبەستێكی شەراكەتی نیشتیمانی ببەسترێ، هەموو گرێبەستە مێژووییەكان هەلوەشێنرانەوە و تالانكاری خاك و زمان، بووە یاسای بنچینەیی یەك زمان و یەك ڕەگەز و یەك دەوڵەتی ساختەی دەستی بێگانە و مانەوەی گەلی كورد بێ‌ سوود و دەرەنگ یا زوو ئەو عێراقەش هەڵدەوەشێتەوە ..لە كۆتاییدا، پێویستمان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی لایەنە جیاوازەكان هەیە لەبەر ئەوەی یەكبوون و پشتیوانی یەكدی سەرچاوەی هێزە و شكست و پاشەكشەش لە درز و ناكۆكی ناوخۆییەوەیە. لای هەمووان ڕونە مردنی سەربەرزانە لەپێناو دادپەروەری و ئازادی و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و گیان بەخشین لەپێناو ئەو نیشتمانەی هەموومان لەخۆشی و ناخۆشیەكانیدا شەریك و هاوبەشین سەربەرزیە.