Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر: هەر ئەم هەفتەیە هەڵمەتەكە دەست پێدەكەین

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، دوای بڕیاردان بۆ كردنەوەی فەرمانگەكان و دەستپێكردنەوەی دەوامی حكوومی، هەڵمەتێك بۆ رشاندنی فەرمانگەكان دەستی پێدەكرێت و هەموو فەرمانگەكان دەڕشێندرێن، كە هەر ئەم هەفتەیە هەڵمەتەكە دەست پێدەكات.

عەبدولواحید ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كە دەوامی فەرمانگە حكوومییەكان لە هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی لە هەموو دامودەزگاكان دەست پێبكاتەوە، ئێمەش وەكو شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێك دەست پێدەكەین بۆ رشاندنی هەموو فەرمانگەكان و تەعقیمكردنیان بۆ پاراستن و سەلامەتیی فەرمانبەران".

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر گوتیشی: "ئێمە پێشتریش ئەو فەرمانگانەی كە دەوامیان تێدا دەكرا، بەردەوام رشاندنمان بۆ كردوون، بەڵام هەڵمەتی ئەمجارە گشتی دەبێت و هەموو فەرمانگەكان دەگرێتەوە، چونكە دەوام لە سەرجەم فەرمانگەكان دەست پێدەكاتەوە، بەڵام چاوەڕێی رێنمایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین".

 

بڵند ئیبراهیم