Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە هەرێمی کوردستان توندتر دەکرێت

هەولێر -KDP.info-  ڕێـکارەکانی خۆپارێزی توندتر دەکرێن، هەرشـوێن و جێگایەکی بازرگانی پابەندی ڕێنماییەکان نەبێـت، شوێنەکەی دادەخرێت، داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت پابەندی ڕێنماییەکان بن و، دەنگۆی وەستانی هەموو جموجۆڵێک بۆ ماوە 72 کاتژمێر ڕەت دەکرێتەوە.

هێمن قادر، جێگری پارێزگا و گوتەبێـژی ژووری ئـۆپەراسیۆنی پارێـزگای هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هێشتا مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتاییی نەهاتووە، پێـویستە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان بن، پێـشنیارمان بۆ وەزراتی ناوخۆ بەرز کردووەتەوە، چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆین، هەر بڕیارێک بدرێت جێبەجێ دەکرێت، پێـشبینی دەکەین قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوازی ئێـستا بە گۆڕانکاری لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و توندکردنی ڕێنماییەکان، لە کاتژمێر 6ی ئێوارە تاکو 12ی شەو درێژ بکرێتەوە."

هێمن قادر گوتی: "لیژنەکانی پارێزگا بەردەوامن لە گەڕان و بەدواداچوون لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتی و بازرگانییەکان، هەرشوێنێک پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی نەبێـت، شوێنەکەی دادەخرێت و تووشی سزا و لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە."

گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێـر گوتیشی: "ئەو دەنگۆیەی باسی وەستانی هەموو جووڵەیەک و قەدەغەی تەواوی 72 کاتژمێر دەکات دوورە لە ڕاستییەوە، تەنها پڕۆپاگەندەی چەند لایەنێکە، بڕیار وایە سبەی هەینی ۱/٥/۲۰۲۰ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا کۆ ببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و هەر ڕاسپاردەیەکی وەزارەتی ناوخۆ."

هێمن قادر ئاماژەی بەوەش کرد: "پارێزگای هەولێر، لەژێر گوشاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرچووە، بەڵام داوا لە هاووڵاتیان دەکەین زیاتر پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن."


هـۆزان سەمەد