Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

راگەیاندراوێك لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

هه‌ولێر-KDP.info- مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگه‌یه‌ندراوێكدا وەڵامی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌جه‌كه‌ی دایەوە كە له‌باره‌ی دۆخی زینی وه‌رتێ ئاراسته‌ی پارتی كردبوو و رایگەیاند، ئه‌و هێزانه‌ی ره‌وانه‌ی زینی وه‌رتێ كراون، هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن كە ئەركی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان جێبەجێ دەكەن

دەقی راگەیاندراوەكە:

ڕۆژی هەینی 17ـی 4ـی 2020، كەجەكە لە بەیاننامەیەكدا لەسەر بابەتی زینی وەرتێ، كۆمەڵێك تۆمەتی بێبنەمای ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە. وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە بە توندی ڕەت دەكەینەوە جەختیش لەوە دەكەینەوە كە ئەو هێزانەی كە لە زینی وەرتێ جێگیركراون هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانە لەوێ جێگیر كراون كە حكوومەتی هەرێم بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونی پەتای كۆرۆنا بڕیاری لەسەردا بوو  و وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جووڵەی بەم هێزانە كردووە. ئەم هێزانە هێزی پارتی نین بەڵكو هێزی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن كە ئەركی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان جێبەجێ دەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە سەیری خەباتی هەموو حزب و ڕێكخراوەكانی تری كوردی كردووە و پشتیوانی داواكارییە سیاسی و مەدەنییەكانی گەلی كورد بووە. جێگەی سەرسووڕمانێكی زۆرە كە پەكەكە ئەو مافە بە خۆی بدات لە هەر شوێنێك كە پێی خۆش بێت هێز بنێرێت و دەست لە كاروباری ناوەخۆی هەرێمی كوردستان وەربدات بەڵام بەلایەوە ئاسایی نەبێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مومارەسەی دەستەڵاتەكانی خۆی لەسەر خاكی خۆی بكات.

بەداخەوە ئەو ڕەفتارەی پەكەكە ئێستا و لە ساڵانی ڕابردوو لەدژی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە، ڕەفتاری سەرەڕۆییانە و شەڕفرۆشانە بووە و هیچ ڕێزێكی لە دامودەزگاكان و سەروەری و ئاساییش و ئاسوودەیی و ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی نەگرتووە. بەهۆی ڕەفتارەكانی پەكەكە سەدان گوندی هەرێمی كوردستان ئاوەدان نەكراونەوە و ڕێگە لە ژیانی هەزاران هاووڵاتیی گیراوە و بەهۆی پەكەكەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی زۆر گەوەرەی مرۆیی و ماددیان داوە.

ئەوەی تا ئێستایش لە پەكەكە قبوڵ كراوە بە هۆی سینگفراوانی پارتی و هەرێمی كوردستان بووە كە چاوپۆشییان لە زێدڕەۆییەكانی پەكەكە كردووە. حەقیشە سەرانی پەكەكە تەقدیرییان بۆ ئەم هەڵوێستەی خەڵكی كوردستان هەبا و ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیان كردبا و لانیكەم ڕێزی دامودەزگای هەرێم و هاووڵاتیانیان گرتبا كە ساڵانێکی دورودرێژە تەحەمولی بوونی پەكەكەیان لەسەر خاكی هەرێم كردووە.

كێشەی پەكەكە لەگەڵ توركیایە و باشتریشە لەبری شەڕفرۆشی و دروستكردنی سەرئێشە و گرفتی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان بچن كێشەكانیان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن. گۆڕەپانی كاری ئەوان توركیایە نەك هەرێمی كوردستان.

 

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

١٧ـی ٤ـی ٢٠٢٠