Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"حکوومەت بڕێکی زۆر خۆراکی کڕیوە بۆ دابەشکردن بەسەر ھەژاراندا"

هەولێر  -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕێک زۆر خۆراکی کڕیوە بۆ ئەوەی لەسەر خەڵکی ھەژار دابەش بکرێت و وەزیری بازرگانیش دەڵێ، خۆراکەکە لەبەردەستە و ئالیەتێک دادەنێین بۆ دابەشکردنی بەسەر ئەوانەدا کە پێویستیان پێی هەیە.

بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، حکوومەت پارەیەکی زۆری بۆ دابینکردنی خۆراک خەرج کردووە، تا ئەو خێزانانەی زۆر پێویستن، خۆراکیان دەست بکەوێت و ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو خۆراک دەبرێتە ھەموو ماڵێکی پێویست.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە حکوومەت پلانی ھەیە بۆ دابەشکردنی خۆراک و بڕێکی زۆریش ئامادەیە و کڕدراوە، بەڵام ھێشتا دیار نییە پڕۆسەی دابەشکردنی خۆراک چۆن دەبێت."

وەزیری بازرگانی دەڵێت: "چەند ڕێگایەک ھەن بۆ دابەشکردن، ئەوانیش سوودوەرگرتن لە داتای وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ دیارکردنی خەڵکی ھەژار، یانیش لە ڕێگەی ئەنجومەن و موختاری گەڕەکەکانەوە خەڵکی ھەژار دەستنیشان دەکرێن."

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمپینی ''بەیەکەوە بەھێزین''ی ڕاگەیاند و ھەژدە ملیۆن دۆلار لەلایەن سەرمایەدارانەوە بەخشراوە بەو کەمپینەی حکوومەت.

کەمال موسلیم ڕوونی کردەوە: "پڕۆسەکە ھەموو خەڵکی ھەژار دەگرێتەوە و ئەوانەی پێویستیان بە خۆراکە، لەلایەن حکوومەتەوە بۆیان دابین دەکرێت."

 

قائید میرۆ