Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحما خەلیل: داواكارین پارەكەی ژاپۆن لە ژێر چاودێریی ئیدارەی شەرعیدا خەرج بكرێت

شنگال-KDP.info- باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی 3 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال تەرخان كردووە، قایمقامی شنگالیش دەڵێ، ئەگەر ئەو پارەیە لە ژێر چاودێریی ئیدارەی شەرعیی شنگالدا خەرج نەكرێت، هەمووی بە گەندەڵی بەهەدەر دەدرێت.

مەحما خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سوپاسی وڵاتی ژاپۆن دەكەین بەردەوام هاوكاریی شنگالی كردووە، بەڵام هاوكارییەكانی لە رێگەی رێكخراوەكانەوەیە، كە ئەوانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعی بە گەندەڵی پارەكە خەرج دەكەن و تا ئێستاش شنگال هیچ سوودی لە هاوكارییەكان وەرنەگرتووە، چونكە لە ماوەی ڕابردووشدا زۆرێك لە وڵاتان هاوكاریی شنگالیان كردووە، كەچی دیارە بە هۆی گەندەڵییەوە شگال هێشتا ئاوەدان نەكراوەتەوە".

قایمقامی شارۆچكەی شنگال باسی لەوەش كرد: "ئەو پارەیەی ئەمجارە ژاپۆن بۆ شنگالی تەرخان كردووە، ئەگەر لە ژێر چاودێریی ئێمەدا نەبێت، هەمووی لە رێگەی رێكخراوەكان بە هاوكاریی ئیدارەی ناشەرعی خەرج دەكرێت، ئەمەش وا دەكات هەمووی بە گەندەڵی بەهەدەر بدرێت، بۆیە شنگال سوودی لێ وەرناگرێت".

خەلیل دەشڵێ: "داوا لە وڵاتی ژاپۆن و هەر وڵاتێكی دیكە دەكەین، كە ئەگەر هاوكاری شنگال دەكەن، لە رێگای ئیدارەی شەرعییەوە بێت نەك ئیدارەی ناشەرعی، بۆ ئەوەی بتوانین شنگال ئاوەدان بكەینەوە، چونكە شنگال پێویستی بە هاوكاری و ئاوەدانكردنەوەیە".

 

بڵند ئیبراهیم