Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەكتەبی سیاسی (61)ـەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (61)ـەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات)، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.

ئەمە دەقەكەیەتی:

بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و هونەركاران و كارمەندانی رۆژنامەی (خەبات)

ئەمڕۆ یادی (61)ـەمین ساڵیادی بەئاشكرا دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) دەكەینەوە، ئەو رۆژنامەیەی خاوەن شوناس و پێگەی شایستە و گرنگی خۆیەتی لە رەوتی رۆژنامەگەری كوردیدا و، لەو تەمەنە پڕ بەخششەیدا توانیویەتی خزمەتێكی بێكۆتا بە رەوتی رۆژنامەگەریی و ئەدەبیات و زمان و كولتووری نەتەوەیی و پرسە نیشتیمانیەكان بكات.

بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و نووسەران و خوێنەرانی رۆژنامەكەتان دەكەین و، ئاواتەخوازین بە هەمان گیانی بەرپرسیاریەتی و لەخۆبوردووییەوە بەردەوام بن لە پێناو خزمەتگەیاندن.

رۆژنامەی (خەبات) وەكو یەكەمین رۆژنامەی رۆژانە و زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان دەسكەوتێكی دیكەی گرنگ و پڕبایەخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بە رابەرایەتیی ((بارزانیی نەمر)) و، پەیامی داكۆكیكردن لە داخوازیە رەواكانمان و پرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادی و بڵندگۆ و كۆكەرەوەی رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان، بوو.

رۆژنامەی (خەبات) لە پلان و كار و بەرهەمیدا تایبەتمەندیی خۆی لە بواری رۆژنامەنووسیدا سەلماندووە و بە درێژایی خەباتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و كوردایەتیدا وەكو رۆژنامەیەكی مولتەزیم رۆڵێكی دیار و كاریگەری گێڕاوە چ لە رووی هۆشیاركردنەوە و جۆشدانی هەستونەستی نیشتیمانپەروەری و شۆڕشگێڕی و چ لە رووی پتەوكردنی گیانی تەبایی و یەكڕیزی و یەكدەنگیی هێز و لایەنە سیاسییەكان، هەروەها بەو تەمەنە دەوڵەمەند و بەپێزەی توانیویەتی خزمەتێكی زۆری زمان و ئەدەب و كوولتوری نەتەوەییمان بكات، جگە لەوەی سەرچاوەیەكی مێژوویی و ئەكادیمی و مەعریفیشە بۆ توێژی میدیاكاران و رۆشنبیر و زانستخوازان.

رۆژنامەی (خەبات) كە هەڵگری ئەو پەیامە زیندووەیە، نكوڵی لە رۆڵی گرنگ و كاریگەری لە هەموو دەور و قۆناغێكدا ناكرێ، بۆیە بە راستی جێپەنجەی بەسەر كاروانی سەرفرازانەی رۆژنامەگەریی كوردیدا روون و دیارە و وەكو گەنجینەیەكی بەنرخ و بەهادار مایەی رێز و ستایش و شانازییە.

هیوادارین لەو یادە پیرۆزەدا زیاتر و باشتر لە رووی چەندایەتی و چۆنیەتییەوە بەرەوپێش بچن و وەك هەمیشە برەو بە بنەما و رێسا راست و دروستەكانی كاری رۆژنامەگەریی بدەن و لە رووی راستگۆیی و بەرپرسیاریەتیەوە هەر لە پێشەنگ دابن بۆ داكۆكیكردن لە دۆزە رەواكەمان و پاڵپشتی پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان.

لە (61)ـەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات)، جارێكی دیكە پاڵشتیی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوامبوون و پێشڤەچوونی رۆژنامەكە دووپات دەكەینەوە، ئومێدەوارین هەردەم هەنگاوی نوێ و بەرهەمدارتر بنێن..

هەزاران سڵاو بۆ یادی رۆژنامەوانانی پێشەنگ و ماندوونەناس..

دروود بۆ گیانی پاكی ئەوانەی لەو رێگایەدا سەریان نایەوە و ئەو كاروانەیان بەمڕۆكە گەیاند..

بەرز و پیرۆز بێت (61)ساڵ بەرهەم و خزمەتی بێسرەوتنی رۆژنامەی (خەبات)..

 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

4/4/2020