Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری هەولێر چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خستەڕوو

ھەولێر- KDP.info -  د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ھەولێر بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی دوێنێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاندران کۆ بووینەوە.

سەرەتا پارێزگاری ھەولێر سوپاسی دانیشتووانی شاری ھەولێری کرد بۆ خۆڕاگرییان و ڕایگەیاند، کە لە قۆناغێکی سەخت و ھەستیارداین و ئەگەر پابەندی ڕێنماییەکان نەبین کۆرۆنا لە کۆنترۆڵمان دەردەچێت، ھەربۆیە تکا لە دانیشتووانی ھەولێر دەکەم، پابەندی ڕێنماییەکان بن، با ھیچ کەسێک نەبێتە سەبەبی مردنی کەسوکاریان، لێرەشەوە پێتان دەڵێم، پابەندنەبوون بە قەدەغەی ھاتوچۆ مەترسیدارە.

سۆفی ڕایشیگەیاند، ژووری ئۆپەراسیۆنەکان داوای لێبوردن لەو کەسانە دەکات کە بەھۆی ڕێکارەکانەوە زەرەرمەند بوونە، دەمانەوێ زۆر بە ڕاشکاویش پێتان بڵێم کە لە دۆخێکی زۆر مەترسیدارداین، بۆیە پشوودرێژیی ھاووڵاتیان ئەنجامی گرینگی دەبێت.

پەیوەست بەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆیش کە لەمشەو، کاتژمێر ١ـەوە تاوەکو کاتژمێر ٦ی بەیانی، ڕێگە بەو کەسانە دەدرێت کە کاری زەرووریان ھەیە و ئەوانیش باغ و کێڵگە و پەلەوەریان ھەیە، ھەروەھا ئەوانەی کۆگا و شتومەک دەگوازنەوە، ڕێگایان پێ دەدرێت تاوەکو کارە زەرووریەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

پارێزگاری ھەولێر جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو ڕێگاپێدانە بۆ گەشت و سەیران نییە، بۆ سەردانیکردنی خزم و دۆستتان نییە، بۆیە تکاتان لێ دەکەم کارێکی وا مەکەن ئەو بڕیارە ھەڵبوەشێنینەوە.

د. فرسەت، ھاووڵاتیانش دڵنیا دەکاتەوە کە ئێمە جددین لە بەرانبەر ئەوانەی قۆرخکاری بەرامبەر بازاڕ دەکەن و چاودێرییان دەکەین.

لەبارەی ئەو 72 کاتژمێرەی بۆ خەڵکی دیاری کراوە بۆ گەڕانەوەیان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە ڕایگەیاند، ئەو کەسانە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت ئەو کارە بکەن، بچنە ناو ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆ، لەوێ فۆڕمێک هەیە پڕی دەکەنەوە، دواتر بە قبووڵکردن، یاخود ڕەتکردنەوە نامەیەکیان بۆ دەچێت، پاشان دەتوانن لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە یەکتر شاد بنەوە.

هەر لەبارەی چۆنیەتیی گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناو کەسوکاریان، پارێزگاری هەولێر گوتیشی، با خەڵک سەردانی پارێزگاکان نەکەن و تەنیا سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ بکەن.

 

ھەڵکەوت محەمەد